سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق ده‌كات
ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 4/1/2012 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز مارتن كۆپله‌ر نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق.

له‌ دیدارێكدا ، هه‌ر دوولا له‌ باره‌ی پێشهاته‌ سیاسیه‌كانی عیراق و قه‌یرانه‌كانی ئه‌مرۆی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی و كێشه‌كانی نێوان ده‌وڵه‌تی یاسا و لیستی ئه‌لعیراقیه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردن و ده‌رباز بوون له‌و قه‌یرانه‌ بیرورایان ئاڵوگۆڕ كرد .

سه‌رۆك بارزانی زۆر به‌ وردی تێروانینه‌كانی له‌ باره‌ی بارودۆخی ئێستای عیراق خسته‌ڕوو و ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی دانیشتن و بیروڕا ئاڵوگۆڕ كردن هێزه‌ سیاسیه‌كانی عیراق ده‌توانن بگه‌نه‌ رێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ عیراق سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانی فراوانیشی بۆ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی گیروگرفته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ حوكمڕانی و به‌رێوه‌چوونی وڵات و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێم به‌ پێویستی زانی و ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و هه‌موو كێشانه‌ پشت به‌ ده‌ستوریی هه‌میشه‌یی عیراق ببه‌سترێ‌ و بۆ سازادانی كۆنگره‌كه‌ش پێویسته‌ ئاماده‌كارییه‌كی باشی بۆ بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ‌ له‌ هه‌موو رووێكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن وه‌ده‌ست بێنێ‌ و عیراق له‌و قه‌یرانه‌ ده‌رباز بكات و له‌م رووه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی داوایكرد كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك لایه‌نێكی بێ‌ لایه‌ن رۆڵی كاریگه‌ری خۆی بگێرێ‌ له‌ سه‌رخستنی كۆنگره‌كه‌ .

له‌ لای خۆیه‌وه‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان خۆشحاڵی خۆی به‌ دید و بۆچوونه‌كانی سه‌رۆك بارزانی ده‌ربڕی و هه‌وڵه‌كانی به‌رێزیشیانی بۆ ده‌رباز بوون له‌م قه‌یرانه‌ به‌رزنرخاند .
Top