كەمال كەركووكی سەركۆنەى كوشتارەكەى شەرناخ دەكا
ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆتای بە كارەكانی خوولی دووەمى یاسادانانى پەرلەمان هێنا و كەوتە پشووی زستانەوە، لە وتەیەكیدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن كەمال كەركووكی سەرۆكى پەرلەمان سەركۆنەى كوشتارەكەى شەرناخى كرد.
كەركووكى وێڕاى ئاماژەدان بەوەى بەیاننامەیەكی پەرلەمان لەو بارەیەوە دەردەچێ، گوتى \""هیچ كێشەیەك بە توندوتیژی چارەسەر ناكرێ، بەتایبەتیش كە گوناهێكی وا گەورە بەرامبەر بە كەسانێكى بێتاوان بكرێ\"".
هەروەها هیواى خواست رووداوى لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە.
شەوى پێنجشەمى رابردوو لە ئەنجامى بۆردمانى باڵەفڕەكانى توركیا بۆ چەند گوندێكى ناوچەى شەرناخى توركیا، نێزیكەى 40 كۆڵبەرى كورد هاتنە كوشتن و ژمارەیەكى تریش بریندار بوون.
لەبارەى كارەكانى پەرلەمانیشەوە لە وەرزى پشوودا، سەرۆكى پەرلەمان گوتى \""كاتێك خولى یاسادانان كۆتای پێ دێ، تەنیا دانیشتنە ئاساییەكانی پەرلەمان نابەسترێن، كارەكانی لێژنەكان لە چاودێریكردنی حكوومەت، ئامادەكردنی پرۆژەیاساكان و هاتنی وەزیرەكان بۆ پەرلەمان بەردەوام دەبن\""."
