وەزیری دارایی و ئابووریی بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت

وەزیری دارایی و ئابووریی بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت
ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان (گۆران ئازاد) لە لێدوانێكیدا بۆ \"هەولێر\"" ئاماژەی دا كە پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی چوارشەممە میوانداریی وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (باییز تاڵەبانی) دەكات.

میواندارییەكە بۆ قسەكردن لەسەر كاری وەزارەتەكەی و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانیش وەكوو هەموو میواندارییەكانی دیكە، هەر پرسیارێكیان هەبێت، ئاڕاستەی وەزیری دەكەن و پاشانیش گەنگەشەی پڕۆژەیاسای خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكرێت.

(گۆران ئازاد) ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە مەسەلەی میوانداریكردنی وەزیری دارایی، لە درێژەی ئەو بەرنامەیەدایە كە پەرلەمان بۆ میوانداریكردنی وەزیرەكان دایناوە كە لە ڕابردوودا وەزیری شارەوانی و وەزیری ئەوقافی میوانداری كرد.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەیشی خستە ڕوو كە لە ئێستادا لە بری وەزیری دارایی، پێویست بوو میوانداریی وەزیری كارەبا یان وەزیری سامانە سرووشتییەكان یاخود وەزیری ناوخۆیان بكردایە، بە هۆی ئەو بارودۆخەی كە لە ماوەی ڕابردوودا لە كوردستاندا هاتە ئاراوە، چونكە وەزیری دارایی لەم ماوەیەدا بۆ مەسەلەی پەسەندكردنی بودجە دێتە پەرلەمان، بەڵام ئەگەر وادەی پشووی پەرلەمان هات، ئەوا میوانداریكردنی وەزیرەكانی دیكە دوا دەكەوێت."
Top