تا دوای ماستەرپلان و نەخشەی بنەڕەتی، ناتوانرێت پڕۆژە بۆ شارەوانیە تازەكان جێبەجێ بكرێت

تا دوای ماستەرپلان و نەخشەی بنەڕەتی، ناتوانرێت پڕۆژە بۆ شارەوانیە تازەكان جێبەجێ بكرێت
دانیشتوانی گوندی بۆسكێنی سەر بە شارۆچكەی رانیەباس لەوە دەكەن كە هەرچەندە گوندەكەیان كراوەتە شارەوانی بەڵام تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریان بۆ جێبەجێنەكراوە و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیەكانی شاری سلێمانیش دەڵێت تا ماستەرپلان و نەخشەی بنەڕەتیان بۆ نەكێشێرێت، ناتوانین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەوانیە تازەكان جێبەجێ بكەین.

ژمارەیەك لە دانیشتوانی گوندی بۆسكێن بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر باسیان لەوە كرد كە گوندەكەیان نزیكەی هه‌ززار و 300 ماڵ دەبێت و ژمارەی دانیشتوانیشی 6 هەزار هاوڵاتی دەبێت. ئەمساڵ سەرۆكایەتیی شارەوانی لە گوندەكەیان كرایەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریان بۆ جێبەجێنەكراوە.

ئەوان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەشێكی زۆری ئاوەڕۆی ناو شارۆچكەی رانیە دەچێتەوە ناو گوندەكەیان و بێزاری كردوون. هاوكات كۆڵان و شەقامەكانیان نە تێكەڵە رێژ نە قیر كراون و تۆڕی كارەباكەشیان لاوازە.

لە بەرانبەر ئەو داواكاریانەی ئەو هاوڵاتیانەدا، ئەندازیار خالید حسێن بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیەكانی شاری سلێمانی بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند، ئەمساڵ ئەو شارەوانیەمان كردوەتەوه‌ و لە شارەوانیەكانی دەوروبەری ستافێكمان بۆ پێكهێناوەو بینایەكیشمان بۆی بەكرێ‌ گرتوە و وەك سەرتایەكیش بۆ كارەكانیان بۆ ساڵی داهاتوو، پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریمان بۆ داخڵ كردوون.

خالید حسێن گوتی: بەڵام ئەو گوندە نەخشەكەی ناڕێكە و پێویستە یەكەم كاری شارەوانی بۆسكێن ئەنجامدانی ماستەرپلان و نەخشەی بنەڕەتی بێت، بۆ ئەوەی شوێنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان دیاری بكرێن،ئەوجار دەتوانرێت ساڵانە بودجەیەكی دیاریكراوی بۆ دابین بكرێت و پڕۆژەی خزمەتگوزاری لێ جێبەجێ بكرێًت.
Top