سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی نه‌مسا كۆبوونه‌وه
سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌شاری هه‌ولێر پێشوازیكرد له مایكڵ سپیندلیگهر جێگری سه‌رۆك وه‌زیرو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌مسا و باڵیۆزی نه‌مسا له عیراق و وه‌فدێكی حكومه‌تی نه‌مسا و بازرگانانی ئه‌و وڵاته.
له‌دیدارێكدا كه وه‌زیری ناوخۆ و سامانه سروشتییه‌كان و بازرگانی و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی ده‌زگای وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم ئاماده‌ی بوون، سه‌رۆكی حكومه‌ت به گه‌رمی به‌خێرهاتنی جێگری سه‌رۆك وه‌زیری نه‌مسا و وه‌فده یاوه‌ره‌كه‌ی كرد بۆ هه‌رێمی كوردستان.
له‌و دیداره‌دا گفتوگۆكرا سه‌باره‌ت به گرنگی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی نه‌مسا و چۆنێتی په‌ره‌پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه به‌تایبه‌ت له بواری ئابووری و كلتووریی و وزه و وه‌به‌رهێنان.
له‌دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوپاسگوزاری رۆڵی نه‌مسای كرد له پشتیوانیكردنی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌و كوردانه‌ی له‌و وڵاته‌دا حه‌واونه‌ته‌وه.
د.به‌رهه‌م به‌گرنگییه‌وه باسی له رۆڵی نه‌مسا كرد وه‌ك ئه‌ندامێكی گرنگی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و خوازیاربوو زیاتر هاوكار و پشتیوانی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان بێت.
له‌به‌رامبه‌ردا جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی نه‌مسا سوپاسی ئه‌م پێشوازییه گه‌رمه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی كرد و پشتیوانی خۆی بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا ده‌ربڕی به‌تایبه‌ت له بواری ئابووری و بازرگانی و وه‌به‌رهێنان و ووزه و كلتوریدا.
ههرلهودیدارهدا به‌بایه‌خه‌وه باس له‌و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنانه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان كرا و به‌شداریكردنی كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانی نه‌مسایی له پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی هه‌رێمی كوردستان به‌گرنگ وه‌سفكرا و وه‌فدی حكومه‌تی نه‌مسا ئاماده‌یی خۆیان بۆ هاریكاری هه‌رێمی كوردستان نیشاندا.
له‌به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا به گرنگییه‌وه باس له به‌ستنی كۆبه‌ندی ئابووری نه‌مسا كرا كه بریاره سبه‌ینێ له هه‌ولێری پایته‌خت ببه‌سترێ.
دوابه‌دوای دیداره‌كه‌ش سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆك وه‌زیری نه‌مسا له لێدوانێكیاندا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به‌گرنگیه‌وه باسیان له دیدار و كۆبوونه‌وه‌كه و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و نه‌مسا كرد.
