ئەسەد هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردەكانی سوریا دادەمەزرێنێت
ڕۆژنامەكە باس لەوە دەكات ئەم هەوڵەی (ئەسەد) دوو ئامانجی هەیە. یەكەمیان، هەنگاوێكی گرنگە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی چاكسازی لە وڵاتەكەیدا و دابینكردنی مافی پێكهاتە جیاوازەكان. ئەوی دیكەیشیان شێواندنی بارودۆخی توركیایە، ئەوەیش لە بەرانبەر پشتگیریكردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە لایەن حكوومەتی ئەو وڵاتەوە.
لە لایەكی دیكەوە بەرپرسانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی كەچی دیكە بارودۆخی سووریا لە ژێر كۆنترۆڵی (بەشار ئەسەد)ـدا نەماوە و ڕێكخراوی (هیومان ڕایتس وۆچ)ـیش داوای ناردنی پرسی سووریا دەكات بۆ دادگای باڵای تاوانەكان.
دامەزراندنی هەرێمێكی كوردی لە سووریادا
ڕۆژنامەی (لو فیگارۆ)ـی فەرەنسایی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، سەرۆكی سووریا (بەشار ئەسەد) پلانی ئەوەی هەیە مافی زیاتر بداتە كوردەكانی وڵاتەكەی و یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانیشی لەم پلانەدا شێواندنی بارودۆخی توركیایە.
ڕۆژنامەكە باس لەوە دەكات ئێستا (بەشار ئەسەد) بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە كوردەكانی وڵاتەكەی دەكات و پلانی ئەوەی هەیە هەرێمێكی ئۆتۆنۆمییان لە باكووری سووریادا بۆ دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو كۆتایی بە دەستەڵاتەكەی هات ئەوا ئەو هەرێمە كێشەیەكی گەورە بۆ توركیایش دروست بكات.
ڕۆژنامەی (لو فیگارۆ) دەڵێت (بەشار ئەسەد) بڕیاری داوە قوتابخانەی كوردی لە ناوچە كوردنشینەكاندا بكاتەوە و خوێندن تیایاندا بە زمانی كوردی بێت و هەموو ڕۆژێكیش سروودی نیشتمانیی كوردی تیایاندا بگوترێتەوە. ڕۆژنامە فەرەنسایەكە ئەوەیش ئاشكرا دەكات سەرۆكی سووریا دەرفەتی بە بەرپرسی پارتی یەكیەتیی دیموكراسی كورد (محەممەد ساڵح موسلیم) داوە بگەڕێتەوە بۆ ناو خاكی سووریا و پارتی ئاماژەپێدراویش خەریكی ئامادەكارییە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە باكووری سووریادا، واتە لە ناوچە كوردییەكاندا.
ڕۆژنامەی لو فیگارۆ باس لەوە دەكات ڕێگەدان بە گەڕانەوەی ئەو كەسایەتییە سیاسییە كوردییە هەنگاوێكە لە لایەن (بەشار ئەسەد)ـەوە هەڵگیراوە بۆ مەبەستی سزادانی سەرۆكوەزیرانی توركیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) كە بە هەموو شێوەیەك دژایەتی حكوومەتی ئێستای سووریا دەكات.
ڕۆژنامە فەرەنساییەكە دەڵێت، دیاریكردنی (محەممەد ساڵح موسلیم) وەكوو جێگری \""لیژنەی هاریكاریی گۆڕانكاریی دیموكراسی\"" شتێكی زۆر گرنگە چونكە ئەو لیژنەیە لە لایەن حكوومەتی سووریاوە دامەزراوە. (لو فیگارۆ) باس لەوە دەكات پارتە كوردییەكەی (محەممەد ساڵح) بە هیچ جۆرێك پەیوەندی بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریاوە نییە كە ماوەیەك پێش ئێستا لە ئێستانبووڵ دامەزرا و ژمارەیەكی بەرچاو لە گرووپ و كەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەكانی حكوومەتی سووریا لە خۆی دەگرێت، چونكە باوەڕی وایە ئەو ئەنجوومەنە لە لایەن ڕۆژئاواوە پشتگیری لێ دەكرێت و دژی پەكەكەیە و ئەو پارتەیش پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ پەكەكەدا هەیە."
