ئیسلامییەكانی كوردستان ئەمەجارە دەیانەوێ بەیەك لیست دابەزن
پاش ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە پەرلەمانی كوردستان هەموار كرایەوە، ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدات و لە بەرانبەریشدا هەر یەك لە لایەنە سیاسییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدان كە بە شێوەیەك بەشداری بكەن كە بتوانن زۆرین كورسی بۆ خۆیان بە دەست بهێنن.
لایەنە ئیسلامییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش لە ئیستادا لە هەوڵی ئەوەدان بگەنە ڕێككەوتنێك بۆ ئەوەی بە شێوەی لیستێكی ئیسلامی دابەزن.
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی (شوان قەڵادزەیی)، ئاماژەی دا كە ئەوان چەند جارێك سەردانی هەریەك لە كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامییان كردووە و هەندێك شت باس كراوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا نەگەییشتوونەتە ڕێككەوتنێك و ئەو شتانەی كە هەبووە هەمووی شتی زارەكین و دوابڕیاریان نەداوە.
(قەڵادزەیی)، ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە ئەوان چەند ئەگەرێك لە بەردەمیاندا هەیە بۆ بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا كە یەكێك لەوانەیش بەشداریكردنە بە لیستی جیا یاخود بە شێوەی هاوپەیمانێتی ئیتر ئەو هاوپەیمانێتییە مەرج نییە تەنیا لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەكاندا بێت.
گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (د. سەڵاحەددین بابەكر)، ڕایگەیاند كە ئەوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان چوار ئەگەریان لە بەردەمدایە كە بریتین لە بەشداریكردنیان بە (لیستێكی سەربەخۆ، یان پێكهێنانی لیستێكی ئیسلامی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی، یان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی، یانیش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن \"بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی\"")ـدا.
(د. بابەكر)، ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە تاكوو ئێستا ئەو چوار ڕێگەیە لە ئەگەرەكانی بەشداریكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و لە ماوەكانی داهاتوویشدا یەكێك لەو ڕێگانە دەستنیشان دەكرێت.
سەبارەت بە بەهێزبوونی یەكێك لەو ئەگەرانە، گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ئاماژەی دا كە ئەو ناتوانێت ئەگەرە بەهێزەكە بخاتە ڕوو و ئەوە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیدا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دیاری دەكرێت.
گوتەكانی (د. سەڵاحەددین بابەكر)، لە كاتێكدا كە لە لایەن خۆیەوە بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە داوە كە ئەوان لەم هەڵبژاردنانەدا بە شێوەی سەربەخۆ و بە لیستی جیاواز دادەبەزن.
گۆڕان: لەگەڵ یەكگرتوو و گۆمەڵ گفتوگۆ دەكەین
گوتەبێژی حزبی گۆڕان (محەممەد تۆفیق ڕەحیم)ـیش، دەڵێت كە ئەوان تاكوو ئێستا لەو بارەیەوە هیچ قسەیەكیان نەكردووە و ئەگەر پرسێكی لەو شێوەیەیش دروست بوو، ئەوا ئەوان لەگەڵ یەكگرتوو و كۆمەڵدا باسی دەكەن.
گوتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی (محەممەد حەكیم)، ئاماژەی دا كە ئەوان تاوەكوو ئیستا قسەیەكی جیددییان لەو بارەیەوە نەكردووە، بەڵام یەكێك لە ئەگەرەكانی بەردەم ئەوانیش بەشداریكردنە بە شێوەی لیستی ئیسلامی.
سەبارەت بە بەشداریكردنیان لەگەڵ لایەنی ئۆپۆزیسیۆندا، (محەممەد حەكیم) ڕایگەیاند كە ڕەنگە كۆمەڵی ئیسلامی لە پارێزگایەك هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێكدا و لە پارێزگایەكی دیكەیشدا لەگەڵ لایەنێكی دیكەدا بكات.
-سایتی هەولێر"
