سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی توركیا له‌ عیراق ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی توركیا له‌ عیراق ده‌كات
ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 2/11/2011 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز موراد ئۆزجه‌لیك باڵیۆزی توركیا له‌ عیراق به‌ بۆنه‌ی كۆتایی هاتنی ئه‌ركه‌كه‌ی ، كه‌ به‌رێز ئایدن سلجه‌ن كونسوڵی گشتی كۆماری توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان یاوه‌ری ده‌كرد.

له‌ دیدارێكدا، په‌یوه‌ندی دووقۆڵی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری توركیا و چۆنیه‌تی به‌هێزكردن و به‌ره‌و پێشبردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ باسیان لێوه‌كراو و ته‌ئكیدیش له‌وه‌كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان چڕبكرێنه‌وه‌ بۆ فراوانكردنی هاریكاری هه‌ر دوولا به‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی ئابوری و بازرگانیدا.

سه‌رۆك بارزانی رۆڵی باڵیۆز ئۆزجه‌لیك به‌رزنرخاند له‌ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ر دوولا و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ پێی ده‌سپێردرێ‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆز ئۆزجه‌لیك سوپاسی سه‌رۆك بارزانی كرد بۆ پشتگیری و پشتیوانییه‌كانی له‌ ماوه‌ی كاركردنیدا وه‌ك باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له‌ عیراقدا.
Top