روونكردنەوەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەربارەی سەردانەكەی بۆ توركیا

روونكردنەوەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەربارەی سەردانەكەی بۆ توركیا
هاوڕێیانی بەڕێزم... کوردستانیانی خۆشەویست...
دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەی ناوچەی هەکاری سەردانی تورکیام کردو هەڵوێستی خۆمانم لەمەڕ ئەم کردەوەیە راگەیاند. ئەوانەی شارەزاییان لە سیاسەت و یاسا و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان هەبێ‌ دەزانن مەبەستی من چی بوو لە قسەکانم. بەڵام بەداخەوە لە هەندێ‌ شوێن بۆ یاری کردن بە هەست و سۆزی هاوڵاتیان کۆمەلێ‌ لێکدانەوەی هەڵەو دوور لە راستی بۆ لێدوانەکەم کرا.
لای هەمووان روونە کە ئێمە چۆن راستگۆیانە و راشکاوانە هەڵوێست و بیرو بۆچوونی خۆمان لەمەڕ پرسە نەتەوەیی و چارەنوس سازەکان دەخەینەڕوو. لە هەموو سەردەم و کات و ساتێک بۆ یەک چرکە خۆمان دوورە پەرێز نەگرتووە لە پشتگیری گەلی کورد لە هەر کوێیەک بێت بۆ بەدەست هێنانی مافە نەتەوەییەکانی. هەموو کات ئەوەمان دووپات کردۆتەوە کە ئێمە دەخوازین گەلی کورد لە بەشەکانی دیکە درێژە بەخەباتی خۆی بدات بۆ گەیشتن بە مافەکانی ئەویش لەچوارچێوەی چارەسەری ئاشتیانەو دیموکراتیانە بە شێوەیەک کە سەرنج و پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ لای خۆیان رابکێشن. من جارێکی تریش جەخت لەسەر ئەو بۆچوونە دەکەمەوە کە لەسەردەمی ئەمڕۆدا بە پەنا بردن بۆ چەک و توندوتیژی کێشەی کورد چارەسەر نابێت، تەنها چارەسەر بۆ دۆزی رەوای گەلەکەمان بە شێوەیەکی گشتی چارەسەری ئاشتیانەو خەباتی سیاسی و دیالۆگە.
ژمارەیەکی زۆر لە پارتە سیاسیە کوردیەکانی ئێران و تورکیا و سوریا ئێستا لە هەرێمی کوردستانن و خەریکی خەباتی سیاسی خۆیانن. ئەو پارتانە رێز لە ئیڕادەی گەلی کوردستان دەگرن و بارودۆخی هەرێم لەبەرچاو دەگرن و نایانەوێ‌ لە خاکی هەرێمەوە هێرش بکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ‌. بەڵام بە داخەوە پەکەکە پارتێکی سیاسی خاوەن باوەڕ بە خەباتی چەکداری بارودۆخی هەستیاری هەرێم لەبەرچاو ناگرێ‌، ئەوان چالاکی سەربازی لەناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا ئەنجام دەدەن کەئەمەش کاریگەری راستەخۆی لەسەر بارودۆخی هەرێم دەبێت، هاوکات هەرێمی کوردستانیش وەک پەناگەیەکی ئارام بەکاردێنن بۆ کردە سەربازیەکانیان، بێگومان ئەمەش پێچەوانەی هەموو رێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکان و عورفێکی دیپلۆماسی و رێزگرتنی پرەنسیپی دراوسێیەتیە.
ئێمە دژی ئایدۆلۆژیاو شێوازی خەباتی پەکەکە نین، چونکە پەکەکە سیاسەتی خۆی هەیە بۆ خەبات کردن و ئێمە لێیان بەرپرس نین. بەڵام دەبێ‌ پەکەکە بارودۆخی هەرێم لەبەرچاو بگرێت و نەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی ململانێی سەربازی و لە ئاکامدا تانک و فڕۆکەکانی تورکیا تاکو ناوچە سنووریەکانی هەرێم بکەنە ئامانج.
ئێمە دەبێ‌ راشکاوانە راستیەکان بە میللەتی خۆمان بڵێین، چونکە لە هەموو کەس زیاتر هەست بەو مەترسیانە دەکەین کە روووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە. راستە خەڵکانێک هەن کارخانەی گەورەیان لەبەر دەستە بۆ شێواندنی راستیەکان و راکێشانی سۆزو عاتیفەی هاوڵاتیان دوور لە هەر بنەمایەکی راستی و دروستی. بەڵام دەبێ‌ هەموو لایەک ئەوە بزانن کە ئەرکی سەرشانی هەموو کوردێکی دڵسۆزە پارێزگاری لەو دەسکەوتانە بکات و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستانیش وەک هەمیشە خۆی بە پارێزەری ئەو دەستکەوتانە دەزانێت و خۆمان بە خەمخۆری راستەقینەی بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردستان دەزانین و لە هەمووانیش زیاتر ئەرکی بەرپرسیاریەتیمان لەئەستۆ گرتووە.
هیوادارم ئەم پەیامە وەک خۆی وەربگرن... لەگەڵ رێزمدا..
Top