سهرۆكی ههرێمی كوردستان پیرۆزبایی ئاراستهی یهكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان كرد
بەرێزان سەرۆك و ئەندامانی
مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
سڵاوی خواتان لێ بێت
بە بۆنەی 41 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەرێز و تەواوی زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.
هیوادارم لە سەر ئەو رێبازەی كە یەكێتییەكەتان لەسەری دامەزرا ، بەردەوام بن لە خزمەتكردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پەروەردەكردنی خەڵك لەسەر بیروباوەڕی نەتەوەیی و پرەنسیپە دروستەكانی ئەو ئایینە پیرۆزە لە خۆشەویستی و لێبوردەیی و پێكەوە ژیان و وەستان دژ بە دیاردەی تیرۆرو پشتگیریكردن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و تێكۆشانی گشت پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە كە ئێوەی بەرێز رۆڵێكی بەرچاوتان لەو تێكۆشان و خەباتە هەبووە و هەمیشەش پاڵپشتێكی پتەو بوینە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەماندا .
خوازیارم ئامانجی كاركردنی یەكێتییەكەتان كە یادگارییەكی بەنرخی بارزانیی نەمرە ، پاراستنی یەكریزی و یەكهەڵوێستی گەلی كوردستان بێت بە تایبەتی لەم هەلومەرجە هەستیارەیدا .
خوای مەزن پشت و پەناتان بێت
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
20/9/2011
