سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ و شاندێكی یاوەری دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ و شاندێكی یاوەری دەكات
دوێنێ دووشەممە 19/9/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە بەرێز ئوسامە ئەلنجێفی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ و شاندێكی یاوەری.

لە دیدارێكدا ، كە بەرێزان د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی هەرێم ئامادەی بوون ، باری سیاسی و ئەمنیی لە وڵات خرایە ڕوو ، بیروڕاش ئاڵوگۆڕكرا لە بارەی كێشەو گیروگرفتەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی عیراق و كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ و لەم رووەوە هەر دوولا هاورابوون لەسەر ئەوەی كە پرۆسەی سیاسی عیراق بە قۆناغێكی زۆر هەستیارو ئاڵۆزدا تێپەر دەبێ‌ كە پێویست بەوە دەكات سەر لە نوێ‌ رێك بخرێتەوە و پەیوەندییەكانی نێوان هێزولایەنە سیاسییەكان سەر لە نوێ‌ چاوی پێ‌ بخشێنرێتەوە لەسەر بنچینەی شەراكەتی راستەقینە و گەڕانەوە بۆ پرنسیپی هاوسەنگی لە ناو دامو دەزگاكانی وڵات بەشێوەیەك كە مافی هەموو لایەن و پێكهاتەكان بە پێی ئیستحقاقی هەر یەكەیان پارێزراو بێت و هەموو لایەنەكانیش پابەندی دەستوورو رێككەوتنەكانی بەر لە پێكهێنانی حكومەتی ئێستا بن و بیریش لە شێوازێكی دیكە بكرێتەوە لە بەرێوەبردنی وڵات لەسەر بنچینەی دەستوور و رێككەوتنەكان و تەئكیدیشیان لەسەر پرنسیپی تەوافوق كردەوە لە وەرگرتنی هەر بڕیارێكی چارەنووسساز كە پەیوەندی بە دوا رۆژی عیراق و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانیەوە هەیە.
Top