وەزیرى شەهیدان: بۆمبەكەى هەڵەبجە وەك بەڵگەیەك بەرامبەر تاوانەكانی دژ بە كورد بەكار دێنین
14ى ئەم مانگە (ئەیلوول/سێپتێمبەر) لە باوەكۆچەك لە نێزیك شاری هەڵەبجە، پاشماوەی باڵەفڕێكی سەربازیی ڕێژیمی پێشووی عێراق هاتە دۆزینەوە، دواتر بووە هۆی برینداربوونی 15 هاووڵاتیی ناوچەكە.
ئارام ئەحمەد محەمەد لە دواى بەسەركردنەوەى شوێنى بۆمبەكە لە لێدوانێكى ڕۆژنامەوانیدا گوتى، دۆزینەوەی ئەو بۆمبە ڕووداوێكى گەورە و مێژوویییە و ئەو تاوانەیلەمان بیر دەخاتەوە كە لەلایەن ڕێژیمى پێشووی سەدام حوسێن سەرۆكی پێشووی عێراق بەرامبەر ئەم میللەتە كراوە.
محەمەد گوتى، وەك وەزارەتى شەهیدان هەوڵ دەدەین ڕووداوی ئەو بۆمبە وەك بەڵگەیەك بەكار بێنین بەرامبەر ئەو تاوانەیلەی لە دژی هەڵەبجە و ناوچەیلى ترى كوردستان هاتوونەتە ئەنجامدان، بۆ ئەوەی ئەو تاوانەیلە لەسەر ئاستى دنیا بەجینۆساید بێتە ناساندن.
ئاماژەى بەوەش كرد، ئەو ڕووداوە وەڵامدانەوەیەكە بۆ ئەو دەنگۆیەیلەی ناوبەناو دێنە بڵاوبوونەوە بۆ گومان خستنە سەر ئەو تاوانەیلەی ڕژێمى پێشوو بەرامبەر ئەم گەلە ئەنجامى داون.
وەزیرى شەهیدان گوتى، تا ئێستە لە هەڵەبجە بۆمبى تر ماوە و كار دەكەین ئەو تیمەى بۆ لێكۆڵینەوە لەو بۆمبە سەردانى ئێرە دەكات، لێكۆڵینەوە و پشكنین لەسەر ئەگەرى مانەوەى بۆمبى تر لە هەڵەبجە و دەوروبەریدا بكەن.
پێش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمى ڕابردوو (14ی ئەیلوول/سێپتێمبەر) لە كاتی كاركردنی تیمەیلى شارەوانى هەڵەبجە لە ناوچەیەكی نێزیك شارۆكەی هەڵەبجە (باوەكۆچەك) بۆ دەرهێنانی پاشماوەی باڵەفڕێكی سەربازیى عێراقى كە لە كاتی بۆردومانكردنی هەڵەبجەدا كەوتووەتە خوارەوە، بۆمبێكی كیمیایی نەتەقیوە دۆزرایەوە، بەهۆى بۆنى نێو بۆمبەكەشەوە 15 كەس بریندار بوون و شیمانەى غازى خەردەلى لێ دێتە كردن.
گۆران ئەدهەم قائیمقامى شارۆكەی هەڵەبجە بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند \"ئێستە لە دوورى 500 مەترەوە ڕێگرى لە نێزیك كەوتنەوەى بۆمبەكە دەكەین و بۆمبەكەش بە نایلۆن داپۆشراوە و هەروەها چاوەڕوانى هاتنى تیمێكى ئەمەریكایى بۆ لێكۆڵینەوە لە بۆمبەكە دەكەین\"".
ئەدهەم گوتى، بەهۆى هاتنە دەرەوەى ئەو شلەیەى لەنێو بۆمبەكەدا بووە چەند كەسێك بریندار بوون، لەسەر ڕاسپاردەى سەرۆكى حكوومەتى هەرێمیش ماڵباتەیلی نێزیك بۆمبەكە بۆ هوتێل هەڵەبجە گوێزراونەتەوە.
شارۆكەی هەڵەبجە /81 كم باشووری رۆهەڵاتی سلێمانی لە 16ی ئادار/مارسی 1988 بەچەكی كیمیایی لەلایەن باڵەفڕەیلی سوپای ئەوكاتی عێراقەوە هاتە بۆردمانكردن و بەهۆیەوە و بەپێی سەرچاوەیلی ناڕەسمی، 5 هەزار كەس كوژران و نێزیكەی 10 هەزاری تر بریندار و بێ سەروشوێن بوون."
