شاندێكى پاسەوانى سنوورى عێراق ناوچە سنوورییەكانى نێوان هەرێم و ئێران بەسەر دەكاتەوە
لیوا ئەحمەد فەزلەدین فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی پاسەوانی سنوور لە ناوچەی یەك سەر بە وەزارەتی ناوەخۆی عێراق رای گەیاند ئەمڕۆ شاندێكی هێزەكانی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەك، بۆ ئاگەداربوون لە دۆخی ناوچە سنوورییەكانی عێراق، ناوچە سنوورییەكانی هەرێمى لە سنووری لیوای 2 كە دەكەوێتە سنووری شارۆكەی سۆران، بەسەر كردەوە\".
هەروەها گوتی \""ئامانج لەم سەردانە بەسەركردنەوەی دۆخی هەمەلایەنەى سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێرانە، سەردانەكەیش بەسەركردنەوەی تەواوی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سنووری وڵاتی ئێران دەگرێتەخۆ و تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێ\"".
لەبارەی شیمانەی ئەنجامدانی هێرشی زەوینیش بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێرانەوە، فەزلەدین گوتى \""لە ئێستەدا ترسمان لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە لایەن ئێرانەوە نییە، ئێمە هێزى پاسەوانی سنوورین و تایبەت نین بە بەرەنگاربوونەوەی هێزی سەربازیی هەر وڵاتێك، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزێكی پێویست هەیە ئەگەر هەر وڵاتێك هێرشی سەربازی بكاتە سەر هەرێم، بیپارێزی\"".
لای خۆیەوە جەبار یاوەر گۆتیاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند \""هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم لە نێو ئەو شاندەدا نییە كە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بە سەر دەكەنەوە، چونكە فەرماندەییی هێزەكانی پاسەوانی سنوور پلانی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەكان، وەزارەتی پێشمەرگەش پلانی تایبەت بە خۆى هەیە\"".
ماوەى زیاتر لە مانگێكە تۆپخانەكانى ئێران بە بیانووى راوەدوونانى چەكدارانى پارتى ژیانى ئازادى كوردستان (پژاك) ناوبەناو ناوچە سنوورییەكانى هەرێم بۆردمان دەكەن و بەو هۆیەوە تائێستە 4 هاووڵاتیى سیڤیل گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەكى تریش برینداربوون، هەروەها زیانى ماڵى بە گوندنشینەكانى ئەو ناوچانە گەیشتووە."
