سبەى هەرسێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن كۆ دەبنەوە

سبەى هەرسێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن كۆ دەبنەوە
ئەندامێكى شاندى دانوستانكارى ئۆپۆزسیۆن لە كۆمەڵى ئیسلامى ئەمڕۆ دووشەم ڕاى گەیاند سبەى هەرسىَ لایەنى ئۆپۆزسیۆن لەنێو خۆیاندا كۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەى بڕیارەكانى سەرۆكى هەرێم و دەستپێكردنەوەى گفتوگۆ پێنج قۆڵییەكانى نێوان دەسەڵات و ئپۆزسیۆن.

محەمەد حەكیم بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، پێش نیوەڕۆى سبەى سێشەم هەرسىَ لایەنى ئۆپۆزسیۆن (بزووتنەوەی گۆڕان ، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی) كۆ دەبینەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو بڕیارانەى سەرۆكى هەرێمى كوردستان كە پێش جەژنى ڕەمەزان دەرى كردن.

پتر گوتى، ئەو بڕیارانە بەشێكى جێبەجىَ كراون و بەشێكیشى تائێستە ماوە جێبەجىَ بكرێن، ئێمەش لاى خۆمانەوە هەڵسەنگاندنێك بۆ جێبەجێكردنى ئەو بڕیارانە لەلایەن حكوومەتەوە دەكەین.

لەبارەى دیاریكردنى وادەى كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكانیش، حەكیم گوتى، ئێمە قسە لەوە دەكەین چۆن دەست بەو كۆبوونەوانە بكەینەوە، دیاریكردنى وادەى دەستپێكردنەوەى ئەو كۆبوونەوانەش بەستراوە بەوەى بزانین حكوومەت بۆ جێبەجێكردنى بڕیارەكانى سەرۆكى هەرێم چى كردووە و چ هەنگاوێكى بۆ گرتنى ئەوانەى لەلایەن دادگەوە داواكراون ناوە.

ئەبوبەكر عەلى ئەندامی لێژنەی دانوستكاری یەكگرتووى ئیسلامیی كوردستان بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، لە ئێستەدا هیچ وادەیەك دەستنیشان نەكراوە بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی وتوێژەكانی نێوان لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات .

عەبدولستار مەجید ئەندامى شاندى دانوستانكارى كۆمەڵى ئیسلامى لەلێدوانێكى پێشتردا بۆ(ئاكانیوز) ڕاى گەیاندبوو، لە كۆی چوار بڕیار، حكوومەتی هەرێم دوو لە بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم جێبەجێ كردووە كە تایبەت بووە بە گێڕانەوەی بودجەی ئۆپۆزسیۆن و گرتنى تۆمەتبارانی 17ی شوبات و رۆژانی دوایی، بەڵام تا ئێستەدا چاوەڕوانی جێبەجێكردنی لێپرسینەوە لە پرسی نانبڕین و هەڕەشەكردن لە ئەندام و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن دەكەین.

ئاماژەی بەوەش دا، ماوەی مانگێگ دەستنیشان كراوە بۆ ئەوەی تەواوی بڕیارەكان بێنە جێبەجێكردن، لەبەرئەوەی هەلوێستی ئێمە لە بەرامبەر بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم ئەرێنی بووە ئامادەییمان هەیە بۆ ئەوەی لەگەلأ پارتی و یەكێتی دەست بە توێژەكان بكەینەوە.

لەلاى خۆیەوە جەعفەر ئیبراهیم ئەندامى شاندى دانوستانكارى پارتى دیموكراتى كوردستان بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، دوای دەركردنی چوار بڕیار لە لایەن مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە داواكاری لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بوو، ئێستە هیچ گرفت و كێشەیەك لە نێوان لایەنەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نەماوە.

\"تەنیا هەندێك كاری تەكنیكی هەیە بەدواداچوونی لە سەر دەكەین و ئێمە /دەسەڵات/ و ئۆپۆزسیۆنیش خۆشحاڵیی خۆمان دەربڕیوە لە بەرامبەر دەركردنی 4 بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم\"" ئیبراهیم وای گوت.

ئاماژەی دا، دوای بەدواداچوونی لایەنە تەكنیكیەكان و تەواوكردنی رێوشوێنەكانی پێویست، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو دانوستاندنەكانی لایەنی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دەست پێ بكاتەوە."
Top