سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌قینه‌وه‌كه‌ی نزیك شارۆچكه‌ی چه‌لێ له‌ توركیا به‌ توندی ئیدانه‌ ده‌كات

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌قینه‌وه‌كه‌ی نزیك شارۆچكه‌ی چه‌لێ له‌ توركیا به‌ توندی ئیدانه‌ ده‌كات
مایه‌ی داخ و نیگه‌رانییه‌كی زۆری ئێمه‌یه‌ كه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێو خاكی توركیای دراوسێ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و له‌ دوا كرده‌وه‌شدا به‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی چێندراو له‌ سه‌ر رێگای نێوان جۆله‌مێرگ و چه‌لێ ژماره‌یه‌ك سه‌رباز له‌ ریزه‌كانی سوپای توركیا بوونه‌ته‌ قوربانی.

ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م دۆخی شه‌ڕ و هه‌ڵایساندنه‌ی مه‌یلی توندوتیژیی به‌ گشتی و ته‌قینه‌وه‌كه‌ی نزیك شارۆچكه‌ی چه‌لێ به‌ توندی ئیدانه‌ و مه‌حكووم ده‌كه‌ین و بڕوامان وایه‌ كه‌ جه‌نگ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداریی و بۆمباران بێجگه‌ له‌وه‌ی ماڵوێرانیی لێ‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و خزمه‌ت به‌ هیچ لایه‌ك ناكات، هاوكات كێشه‌كان زیاتر قووڵ ده‌كاته‌وه‌ و زیان به‌ ره‌وتی ئاشته‌واییش ده‌گه‌یه‌نێ‌.

بۆیه‌ خوازیارین كه‌ شه‌ڕ و توندوتیژیی وه‌لابنرێ‌ و روو له‌ گفتوگۆ و دایه‌لۆگ بكرێ‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕ و نانه‌وه‌ی رووداوی له‌مجۆره‌ هه‌موو هه‌وڵ و ده‌رفه‌ته‌كانی چاره‌سه‌ریی ئاشتییانه‌ له‌بار ده‌بات.
Top