فوئاد حوسێن بۆ الشرق الأوسط:بەرنامە چاكسازیەكانی سەرۆكی هەرێم قۆناغێكی نوێ بۆ پرۆسەی ئاوەدانكاری دێنێتە كایەوە
لەسەرەتای هەڤپەیڤینەكه و سەبارەت بەو میكانیزمانەی گیراونەتە بەر بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازیی، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێ: پێویستە یەم جار نەخۆشیەكە دەستنیشان بكەی، بۆ ئەوەی نەخۆشیەكەش دەستنیشان بكەی پێویستە شوێنەكەی دیار بكەی، ئێمەش لەسەرەتای هەڵمەتەكە بە بابەتی زەویەكان و رێوشوێنی دابەشكردنیان دەستمان پێكرد، هەر وەها بە پرۆژەكانی وەبەرهێنان و زەویە كشتوكاڵییەكان و هەر بابەتێك بە ئیتفا و كوژاندنەوەیان و تەرخانكردنیان بۆ پرۆژەكان پەیوەست بێ، ئەو لیژنەی بۆ ئەم مەبەستە پێكهێنراوە بەردەوامە لەسەر كارەكانی خۆیدا بۆ دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان، چەندین لیژنەی تەكنیكی و یاساییش هەن كە بە بەشداری وەزارەتەكانی حكوومەت لە قۆناغی داهاتوودا كار لەسەر دیراسەتكردن و چاوخشاندنەوە بە گشت بوارەكانی حكوومەتدا دەكەن، بۆ ئەوەی ئیجرائاتی یاسایی پێویست لە بەرامبەردا وەرگرین، بۆیە پرۆسەكە دەستی پێكردووە و لە هەر دۆخێكدا بەردەوام دەبێ و راوەستانی بۆ نیە\".
سەبارەت بەو كەسانەش كە رێكارە یاساییەكان دەیانگرێتەوە، فوئاد حوسێن دەڵێ: پێویست ناكات ناو بهێنین، لەبەر ئەوەی تۆمەتبار بێگوناهە هەتا تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە، بەڵام دەتوانم ئەوە تەئكید بكەمەوە كە ئەو بەرنامەیەی سەرۆک بارزانی خستوویەتییەڕوو ئامانجەکەی نەهێشتنی گەندەڵییە لەهەر شوێنێکدا بێ، هەروەک لەناوەکەشیەوە دیارە بەرنامەیەکی چاکسازانەیە نەک سزادەرانە، بەشێوەیەکی شۆڕشگێرانەش جێبەجێناکرێ، هەروەک هەندێ کەس وای بۆدەچن، چونکە سەرۆك بارزانی خۆی پێشتر چەند جارێک هوشداریداوە لە پەنابردنە بەر تووندوتیژی شۆڕشگێڕانە بۆ دەربڕینی پێویستی جەماوەر بۆ چاکسازییەکان، چونکە ئەوە بارودۆخەکان ئاڵۆزدەکات و هیچ ئەنجامێکی نابێ، بەڵام ئەوەش ئەوە ناگەیێنێ کە چاو لە هەندێ شت بپۆشین، چونکە ئێمە لەو بەرنامەیەدا پێویستیمان بەهەندێ نەشتەرگەری دەرهێنانی وەرەمە پیسەکانە لە دەزگا ئیدارییەکان، بەهەموو شێوەیەکیش ئەو هەنگاوانە لەچوارچێوەی ئەو بەرنامە چاکسازییەدا و لەچوارچێوەی یاسایی خۆیاندا دەنرێن، واتە دادگا لایەنە یاساییەکەی بەدەستەوە دەگرێ\"".
سەرۆكی دیوان هەروەها روونیکردەوە کە سەدان دۆسییە خراونەتە بەردەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئەو دۆسیانە لەلایەن لیژنەکانی سەرۆکایەتییەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێ، دوای ئەوە دەدرێنە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تەماشاکردنیان، ئینجا دەنێردرێن بۆ دادگا، ئەوکاتیش لێپێچینەوە یاساییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسان و گرتنیان یان هەر لێپێچینەوەیەکی یاسایی دەکەوێتە دەست دەسەڵاتی دادوەری و ئێمە هیچ پەیوەندیمان پێوە نابێ، جگە لە هەندێ لێپێچینەوەی ئیداری کە لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکدان\"".
فوئاد حوسێن لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رۆژنامەکە دەڵێ: کوردستان رووەو گۆڕانێکی گەورە هەنگاو دەنێ، ئەو هەڵمەتە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە لە بنیاتنانی قەوارەکەمان، بۆیه پێویستیمان بە پشتیوانی جەماوەرە، ئەو بەرنامەیە پێویستی بە میکانیزمی جێبەجێکردنە، لەبەرئەوەی هەموو لایەک ئازار بەدەست ئاسەوارە خراپەکانی گەندەڵییەوە دەکێشن، بۆ ئەوەی هەموو لایەکیش هەست بە ئەنجامەکانی ئەو بەرنامە چاکسازییە بکەن، پێویستە لە رێی پشتیوانیكردن و کۆبوونەوەیان لەدەوری بەرنامە چاکسازییەکەی سەرۆک بارزانی رۆڵ و بەشدارییان هەبێ\""."
