یه‌كێتی و پارتی ئاماده‌یی كۆبوونه‌وه‌ی جدییان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن نیشاندا
نیوه‌ڕۆی ئه‌مرِۆ پێنجشه‌ممه (19ی ئایار / مایۆ 2011)، هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شیان له‌سه‌ر پێشنیازه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌كانی هه‌رێم ئه‌نجامدا.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه هه‌ر یه كه له (ئازاد جندیانی) و (جه‌عفه‌ر ئیمێنكی) وته‌بێژی ره‌سمیی مه‌كته‌بی سیاسی (ی.ن.ك) و (پ.د.ك) له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان خسته روو .
له سه‌ره‌تای كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا (ئازاد جوندیانی) ئاماژی به گرنگی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی كرد‌و به گرنگه‌وه وه‌سفیكرد كه داوای له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم كردووه له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كۆببنه‌وه.
جوندیانی وتیشی :\"له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به پێویستیانزانی كه هه‌موو تواناكان بخرێنه‌گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوان حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا به هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه.
وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژه‌یدا كه ئه‌وان هه‌ر سێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن له‌وه دڵنیاده‌كه‌نه‌وه كه (ی.ن.ك) و (پ.د.ك) گفتوگۆ‌و دانیشتن به‌جدیی ده‌كه‌ن.
لای خۆشیه‌وه (جه‌عفه‌ر ئیمێنكی) رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا په‌یامه‌كه‌ی (مه‌سعود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمیان هه‌ڵسه‌نگاند‌ووه‌و ئاماده‌یی خۆیان بۆ دانیشتن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌ربرِیوه."
