سەرۆكی هەرێمی كوردستان خەڵاتی ئاشتی و چالاكی دپلۆماسیی لە لایەن زانكۆی ( تافتس )ی ئەمەریكاییەوە پێدەبەخشرێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان خەڵاتی ئاشتی و چالاكی دپلۆماسیی لە لایەن زانكۆی ( تافتس )ی ئەمەریكاییەوە پێدەبەخشرێت
ئەمرۆ شەممە 7/5/2011 لە چوارچێوەی مەراسیمێكی تایبەتدا بە ئامادەبوونی د.كەمال كەركووكی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی سەر بە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ، پرۆفیسۆر رۆبەرت بێندتسن ئەندامی بۆردی زانكۆی تافتس و ئەندامی ئەنجومەنی بەرێوەبردنی پەیمانگای (Institute for global leader ship) ی سەر بەو زانكۆیە ، خەڵاتی ئاشتی و چالاكی دپلۆماسیی بە بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەخشی.

لە دانیشتنێكداو دواتر لە رێورەسمی خەڵاتكردنەكەدا، پرۆفیسۆر رۆبەرت بێندتسن وتارێكی پێشكەش بە ئامادەبووان كردو رایگەیاند كە شانازی و شەرەفێكی گەورەیە بۆ ئەو كە ئەمرۆ لە كوردستانە و شانازی و شەرەفێكی زۆر گەورەشە بۆ ئەو كە ئەمرۆ بە ناوی زانكۆی ( تافتس )ەوە ئەو خەڵاتە پێشكەش بە سەرۆك بارزانی دەكات وەك رێزلێنانێك بۆ كاروكردەوە و ئەفراندنەكانی لە بورای ئاشتی و چالاكیە دپلۆماسییەكانی و هەروەها كاری بەردەوامی لە چەسپاندنی دیموكراتیەت لە عیراقدا من بە ناوی زانكۆی (تافتس )ەوە سوپاسی دەكەم و ئەفراندنی بەرێزیان و بڕوای هەموو لایەك بە كەسایەتیەكەی فاكتەرێكی گرنگە بۆ سەقامگیری عیراق. بەچاوی خۆمان بینیمان چۆن بە هەوڵ و كۆششەكانی خۆی هەموو هێزە عیراقیەكانی لە هەولێر و دواتر لە بەغدا كۆكردەوە و بە دبلۆماسیەتەكەی خۆیشی توانی سەركەوتووانە هەنگاو بەرەو ئایندە ببات . زانكۆی ( تافتس ) كە بە مەڵبەندنی سەركردە جیهانییەكان ناسراوە ، ئەمرۆ بە شانازییەوە ئەو خەڵاتە ئاشتییە دەبەخشێتە سەركردەیەكی ئاشتیخوازی وەك سەرۆك بارزانی كە بە سیاسەتە حەكیمانەی خۆی هەموو لایەنە عیراقییەكان راوێژی پێ‌ دەكەن و هەر بەو سیاسەتەی خۆیشی توانی ئاشتی لە سەرتاسەری عیراقدا بێنێتەدی . ئەم خەڵاتە ساڵێ‌ جارێك دەدرێتە ئەو سەركردە و كەسایەتییە جیهانیانەی كە ڕۆڵێكی بەرچاو لە بواری ئاشتی و چالاكی دبلۆماسیانەدا دەگێڕن ، ئەمساڵ ئەنجومەنی بۆردی زانكۆی تافتس سەرۆك بارزانی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ئەو خەڵاتەی پێ‌ ببەخشێ‌ ، چونكە لە ماوەی رابردوودا رۆڵێكی گەورەی بینی نەك هەر لە هێنانەكایەی ئاشتی بەڵكو لە هێنانەكایەی دیموكراسی لە سەرتاسەری عیراقدا . بەردەوامی پرۆسەی ئاوەدانی و بونیادنانی ژێرخانێكی پتەو ، هەروا چەسپاندنی ئاشتی و دیموكراتیەت لە هەرێمی كوردستاندا هەر دووكیان بۆ ئەو سیاسەتە حەكیمانەی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە ، بۆیە ئەمرۆ گەلی كوردستان بە چاوێكی پڕ رێزو شانازییەوە سەیری ئەم كارانەی سەرۆك بارزانی دەكەن و هیوادارین ئەو خەڵاتە ببێتە نیشانەیەك لە ژیانی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانیش ئایندەیەكی باش چاوەڕوانی دەكات و جیهانیش بە چاوێكی سەرسورمانەوە سەیری ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان دەكات.

لە بەرامبەردا ، سەرۆك بارزانی سوپاسی پرۆفیسۆر رۆبەرت بێندتسن كردو رایگەیاند كە جێی شانازییە ئەمرۆ پرۆفیسۆر رۆبەرت بێندتسن بە نوێنەرایەتی زانكۆی تافتس ئەو خەڵاتە پڕبەهایەم پێشكەش دەكات و ئەمەیش خەڵاتێكە بۆ هەموو تاكێكی ئەم كوردستانە ، من بە ناوی گەلی كوردستانەوە سوپاسی زانكۆی ( تافتس )دەكەم و هەمیشە هەموومان وەك گەلی كوردستان شانازی بەو جۆرە خەڵاتی بكەین چونكە تایبەتە بە ئاشتی و دبلۆماسیەتەوە ، ئێمەی گەلی كوردستان زۆر چاك لە بەهای ئەم خەڵاتە تێدەگەین ، چونكە بە درێژایی مێژوو تووشی چەندەها كارەسات بووینە هەر لە ئەنفال و كۆمەڵكوژی و كیمیاباران و قڕكردن و وێرانكردنی گوندەكان . خەباتی گەلی ئێمە هەمیشە بۆ ئاشتی و پێكەوە ژیان بووە و شانازیش بەو خەباتەی خۆمان دەكەین كە هەردەم دوور بووە لە توندوتیژی و ئەو خەڵاتەی ئەمرۆش بۆ ئەو خەباتە پاك و بێگەردەیە .ئەمرۆ تەواوی گەلی كوردستان قەدری ئەو ئازادییە دەزانین كە وەدەستمان هێناوە و بەڵێنیش دەدەین كە بە بەردەوامی كار بۆ ئاشتی بكەین هەم بۆ گەلی خۆمان و هەمیش بۆ گەلانی دیكە ، لە هەرێم رۆژ لە دوای رۆژ سیستەمی دیموكراتیەت زیاتر دەچەسپێ و پشتگیریش لە ئازادی دەورو بەریش دەكەین چونكە دڵنیاین كە ئایندە بۆ گەلان و دیموكراسیەت و ئازادییە.
Top