سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌جیا پێشوازی له‌ باڵیۆزی ئوردون له‌ عیراق، و كونسوڵی گشتی نوێی روسیای فیدراڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌جیا پێشوازی له‌ باڵیۆزی ئوردون له‌ عیراق، و كونسوڵی گشتی نوێی روسیای فیدراڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
سێشه‌ممه‌ 26/4/2011 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز محه‌مه‌د ته‌یسیر ئه‌لموساعده‌ باڵیۆزی ئوردون له‌ عیراق.

له‌ دیدارێكدا، باڵیۆزی ئوردون له‌ عیراق سڵاوی شا عه‌بدوڵلای دووه‌م شای ئوردنی به‌ سه‌رۆك بارزانی گه‌یاند و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و شانشینی ئوردون به‌ په‌یوه‌ندییه‌كی مێژوویی وه‌سفكرد و هیوای خواست كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێ‌ به‌ تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی ئابووری و بازرگانی و وه‌به‌رهێناندا.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی له‌ به‌ره‌و پێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و شانشینی ئوردون و داوای له‌ باڵیۆزی ئه‌و وڵاته‌ش كرد كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ سڵاوی بگه‌یه‌نێته‌ شا عه‌بدوڵلای دووه‌م.

هه‌ر له‌و دیداره‌ی نێوان سه‌رۆكی كوردستان و باڵیۆزی ئوردون گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌ دوا گۆڕانكارییه‌كانی عیراق و ناوچه‌كه‌ و رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی كرا.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌، هه‌ر ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ 26/4/2011 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز ڤالێری پۆسپیلۆڤـ كونسوڵی گشتی نوێی روسیای فیدراڵ و نیكۆلای رۆژایێڤ جێگری كونسوڵی گشتی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ دیدارێكدا، كونسوڵی گشتی روسیای فیدراڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێ‌ سپێردراوه‌ و هیوای خواست كه‌ به‌ پشتگیری سه‌رۆك بارزانی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بتوانێ‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌ مێژوییه‌كانی نێوان هه‌ر دوولا زیاتر به‌ره‌و پێش ببات و باسیشی له‌ ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی خوێندن بۆ قوتابیانی كوردستان و كردنه‌وه‌ی هێڵی ئاسمانی نێوان روسیای فیدراڵ و هه‌ولێر له‌ ئاینده‌دا كرد.

له‌ به‌رامبه‌ردا ، سه‌رۆك بارزانی ، وێرای پیرۆزبایی به‌ بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی كونسوڵی گشتی نوێی روسیای فیدراڵ، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست و ئاماده‌یی خۆی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی نیشاندا بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌ پێناو به‌ره‌وپێش بردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و سه‌رخستنی كاره‌كانیان له‌ هه‌رێم.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، سه‌باره‌ت به‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی دوا گۆڕانكارییه‌كانی عیراق و ناوچه‌كه‌ گفتوگۆ كرا.
Top