پێشکەوتن بەبێ رۆڵی رۆشنگەرانەی رۆشنبیران مەحاڵە ٢-مێژوویەک بۆ رۆڵپێدان

پێشکەوتن بەبێ رۆڵی رۆشنگەرانەی رۆشنبیران مەحاڵە ٢-مێژوویەک بۆ رۆڵپێدان
محەمەد عابد جابری لەسەر ئەم خاڵە هەڵوێستەیەکی دەوڵەمەندی کردووە بەڵام گرفتەکەی لەوەدایە کە زانا موجتەهیدەکانی قۆناغی تدوین(نووسینەوە)ی بە هاوتای رۆشنبیرانی سەردەمی مۆدێرن داناوە و دەیەوێ بڵێ لە دوو سەد ساڵەی دوای هاتنی ئیسلام و دەستپێکردنی قۆناغی تدوین(تەدوینtedwîn) دیاردەی رۆشنبیریی دروست بووە، نەک لە سەردەمی مۆدێرن و رووداوی دریفوس. من ئەوە بە تێکەڵ کردنی پەیامی قۆناغەکانی شەجەرەی زانایان و رۆشنبيران دەزانم. لە یەک شەجەرەن بەڵام وەک یەکدی نین. رۆشنگەرانی سەردەمی رێنيسانس نەک هەر پشتیان بە دەقی نووسراو دەبەست بەڵکو دیاردەیەکی نوێ لە سەردەمێکی نوێدا بوون. پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆجیا گۆڕانگاریی گەورەی لە سیستەمی کۆمەڵایەتی دەخواست، هەر لە نیزامی سیاسییەوە تا پێگە و ڕۆڵی تاک لە بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی. رۆشنگەریی سەردەمی رێنيسانس کە قۆناغی یەکەمی داڕشتنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای واقیعی و زانستی بوو، کەسایەتی رۆشنگەر زانیاریدەر و پێشنیارکەر و رەخنەگرێکی لەئاشتینەهاتووی سیستەمی دینی بوو. هەروەک چۆن پێغەمبەران هەمان کاریان بەرامبەر ساحير و کاهينەکان دەکرد و جاهیلییەتیان رەت دەکردەوە. سەرەنجام لە قۆناغی رۆشنگەریدا میتۆد و زانستی بە دنیایی کردنی رێکخستنەوەی کۆمەڵگا پاشەکشەی بە میتۆد و زانیاری دینی و لاهوتی کرد. رۆشنگەران پێغەمبەر نەبوون چونکە مامەڵەیان لەگەڵ واقیع و زانیاری بوو. ئیدی نەدەبوا پێغەمبەر دروست بن و دین زەمانی دروستبوونیان نەمابوو. بەڵام ئەو رۆشنگەرانە لەسەر خەتی پێغەمبەران دەرۆیشتن
رۆشنبیر بە مانای ئەم سەردەمە تایبەتمەندییەکی کۆمەڵگای مۆدێرن و بەجیهانیی بووە. هەموو قۆناغەکانی سەرمایەداری وەک یەکدی مۆدێرن و نوێ نین، هەربۆیە تیپ و کاریگەری هەڵگرانی زانست و زانیاریەکەی وەک یەک نیيە. رۆشنبیرانی سەردەمی مۆدێرن لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە وەک زەڕورەتێک هاتنە وجودو ئەوان کاری رۆشەنگەرەکانی پێش خۆیان دووبارە نەکردەوە، بەڵکو چەندین هەنگاو هاتنە پێشتر. ئەوان خۆیان کردە دەمڕاستی مافەکانی مرۆڤ و ئەو مافەیان لە ناوەڕۆکە کۆگەلییەکەی(اجتماعی) پتر جیا کردەوە و کردیانە لێکدانەوەی مافەکانی تاک، تاکیان کردە دروشمی سەرەکی. هەروەها پازیاندایە ناو مافی پێکهاتە پەڕاوێزخراوەکان؛ وەک مافی رەشەکان، مافەکانی ژن، دیموکراسی کۆمەڵایەتی قووڵ، سیستەمی سیاسی و ئیداری روون، کەمکردنەوەی دەخالەتی دەوڵەت و بوارکردنەوە بۆ کۆمەڵگای مەدەنی، گرنگیدان بە گەشەسەندنی پلاندار و بەردەوام. دیفاعکردن لە تێکەڵبوونی کولتوورەکان، لێکنزیک بوونەوەیان و سەرەنجام بەجیهانی بوون. هەر لەو روانگەوەیە کە برنارد شۆ دەیوت؛ رۆشنبیران ئەو گێلانەن وەڵامی پرسی ئەوتۆ دەدەنەوە کە لێیان نەکراوە. ئالبێر کامۆ نیشتمانی بە هی خۆی نەدەزانی ئەگەر مافەکانی بۆ دابین نەکات. راسێل و سارتر سەرانسەری دنیایان دەپێوا و هەموویان بە بواری چالاکیی فکری خۆیان دەزانی و لە هەر کوێ غەدر هەبا ئەوان سەنگەریان لێدەدا، ئاندرێ مالڕۆ لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا تا باشووری ئەوروپا لە جەنگەکان بەشدار بوو( لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا فرۆکەوانی جەنگ بوو بۆردمانی بەرەکانی فرانکۆیی دەکرد) دوایی لە زەمانی دیگۆڵ بووبە وەزیری رۆشنبیریی فەڕانسە.
لە جەنگی یەکەمی جیهان تا شەستەکانی سەدەی رابردوو،لەو کۆمەڵگایانەی نەژاد پەرستی و نازیزم و فاشیزم و کۆمۆنیزم رێگایان نەدەدا رۆشنبیران ڕۆڵی کاریگەری خۆیان ببینن، دیاردەی خۆکوشتنی داهێنەران هاتەکایەوە. لە یەکێتیی سۆڤیەت نموونەی سێرگێی یەسنین. لە ئەمریکا هیمینگوای، سادقی هیدایەت لە ئێران.
هەر لە دەیەی سيیەکانی سەدەی رابردوو موناقەشە لەسەر پێناسەی رۆشنبیران و ئەرکەکانیان لە باسە داغەکانی نووسەرە کاریگەرەکان بوو. جولیان بێندا لە کتێبی ” خیانەتی رۆشنبیران“دا کەسایەتییەکی نموونەیی ئەوتۆ لە رۆشنبیر دروست دەکات کە هەمیشە ئامادەی دیفاع لە راستی بێت و هیچ کاتێک خۆی و بەرژەوەندییەکانی لەبەر چاو نەبێت. بە پێچەوانەوە بێت، ئەوە بە خائینیان دادەنێ. ئانتۆنیۆ گرامشی بیرمەندی تێکۆشەری دژی فاشیزم، رۆشنبیران بە خاوەن ئەرک دەزانێ و پێیوایە چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵدەدەن رۆشنبیری خۆیان دروست بکەن تا بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن. لەو روانگەیەوە گرامشی دیاردەی رۆشنبیر بە مولتەزیم(ئۆرگانیک)دادەنێ. ئەو پێیوایە هەموو بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان رەنگی ئەو ئەرک و بەرژەوەندییە دەڕێژن کە داهێنەر لە کۆمەڵگادا هەوڵی بۆی داوە. لەو سۆنگایەوە گرامشی رۆشنبیرانی دینی و بۆژوازی و کرێکاری(سۆسیالیستی) و جوتیاری و وردەبۆرژوازی بە رەوا دەزانێ. لە ئایدیۆلۆجیای مارکسیستیدا رۆشنبیران لە زاتی چینایەتی خۆیاندا پێشکەوتوخواز نین، تەنیا بە دابڕانیان لە پێگەی چینایەتی خۆیان و هاتن بۆ ناو بەرژەوەندیی چینی کرێکار دەبنە توخمێکی باش و ئەرێنێ. رۆشنبیران بە رەگەزی سەرەکی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی نەدەزاندران و بەردەوام بەرەنگاری رەفتار و کرداری رۆشنبیرانەوە دەبوونەوە.
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سێ رووناکبیری ناسراو باسیان لە دیاردەی رۆشنبیران کردووە؛ جەلالی ئالی ئەحمەد لە ئێران(١٩٦٤/ در خدمت و خیانت روشنفکران)، ئیدوارد سەعید(١٩٩٤/ المثقف و السلطة) لە فەلەستین(ئەمریکا!)، محەمەد عابد جابری(١٩٩٥/المثقفون في الحضارة العربية) لە مەغریب. جەلالی ئالی ئەحمەد لەژێر کارتێکردنی ئانتۆنیۆ گرامشی دایە بەڵام رەگوریشەی دیاردەکە بە مێژوودا شۆڕ دەکاتەوە و لایەنی دینی و نەتەوەیی تێدا تۆخ دەکاتەوە. ئالی ئەحمەد لەوە غافڵە کە رۆشنبیرانی سەردەمی مۆدێرن پەیام و تایبەتمەندی خۆیان هەیە بە یەک میزان لەگەڵ موجتەهیدانی دینی و ئەدیب و عارفانی مێژووی پێش مۆدێرن ناکێشرێن.
ئیدوارد سەعید رۆشنبیر بە کەسێکی زانای داهێنەر دەزانێ کە ناکرێ بەرامبەر نابەرابەری و کڵۆڵی کۆمەڵایەتی و دیکتاتۆری و داگیرکاری بێدەنگ و بێلایەن بێت. سەعید زاتی رۆشنبیر لە ئیلتزام و لایەنداری حەقدا دەبینێ. لەو رووەوە رۆشنبیران دەکاتە بەشێک لە بزووتنەوەی سیاسی و چاودێر بەسەر سیاسەتمەدارانی خوار و خێچ. دژایەتی کردنی ئیمپریالیزم بە ئەرکێکی بێسازشی رۆشنبیران دەزانێ.
محەمەد عابد جابری، مێژووی پەیدابوونی رۆشنبیریی بۆ کولتووری عەرەبی- ئیسلامی دەگێڕێتەوە. ئەو پێیوایە زەرورەتی تەفسیری دینی و تەنزیمی دەسەڵاتی سیاسی، لە سەرەتای قۆناغی تەدویندا(تۆمارکردن) رۆشنبیری دروست کرد نەک دیاردەیەک بێت تایبەت بە قۆناغی مۆدێرن و هەڵقوڵاوی کولتووری رۆژاوایی و مەسیحی بێت.

هەڵبەت پەیدابوونی دیاردەی رۆشنبیران لە رۆژاوا واناگەیەنێ کە ئەو توێژە لەوێوە بۆ کۆمەڵگاکانی دیکە کۆپی کرابێت. مۆدێرنێتی قۆناغێکە لەکاتی خۆیدا هەموو کۆمەڵگاکان پێیدەگەن و تیپی رۆشنبیرانی تایبەت بە خۆیان بەرهەمدێنن. لە هەمانکاتدا مێژووی خاوەنبیرانی دینی و فەلسەفی و ئەدەبی لە رۆژهەڵاتدا کاریگەریی خۆی بەسەر تیپی رۆشنبیرانی ئەم سەردەمەی رۆژهەڵات دادەنێ. ناکرێ یەکێک رۆشنبیر بێت و مۆرکی کولتووری کۆمەڵگاکەی خۆی هەڵنەگرێ. ئەسەری خاوەنبیرانی کۆنی ناوچەکەمان بە تەکوینی هەر رۆشنبیرێکی خۆمانەییەوە دەنیشێ و دەبێتە بەشێک لە ناسنامەی. هیچ رۆشنبیرێک داهێنانی پێناکرێ ئەگەر رەگی لە مێژووی مەعریفەی کۆمەڵگاکەیدا نەبێت.

کۆمەڵگای کوردستان خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نەبووە بۆیە لە ژیانی کوردستاندا(جیا لەم بیست و دوو ساڵەی دوایی لە باشوور) روانگایەکی پەروەردەیی ستراتیژی بۆ پێگەیاندنی مرۆڤ نەبووە. ئەو کۆمەڵگایە لە سێ پارچەی ژێردەستی داگیرکەراندا بوونی ئینکار دەکرێ و خزێندراوەتە ناو ستراتیژی سەرانسەری میللەتی باڵادەست و کار لەسەر تواندنەوەی دەکرێت. بۆیە ئاساییە لەو کۆمەڵگایەدا دیاردەی رۆشنبیر بە کامڵی سەرهەڵنەدات و رۆشنبیری خۆیی بریتییە لە تێکەڵەیەک لەنێوان ستراتیژیی پەروەردەی نەتەوەی باڵادەست و هەوڵی تەنیای تاکە کەسێک(بندەست) کە دەیەوێ لە خەیاڵی خۆیدا جێی دەوڵەتی نەبووی نەتەوەیی پڕبکاتەوە و خۆی بکاتە نموونەی رۆشنبیرە چاوەڕوانکراوەکە. لە ئەنجامدا تەنیا کەسێکی خاوەن زانیاریی ناکۆک دروست دەبێ کە سیفەتی هەرە دیاری یاغی بوون و پەرچدانەوەی توانەوە و داگیرکاریی دەبێت. هەر ئەوەش وایکردووە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا تیپی لێکچووی رۆشنبیر بوونی نەبێ. لەو رووەوە هەست بە نەبوونی رۆشنبیری بیردروستکەر دەکرێ و بزووتنەوەکانی کوردستانی لە هەژارییەکی ئاشکرادا دەژین و ئەو ئەلتەرناتیڤانەی وەریدەگرن هەمووی بەرهەمی کۆمەڵگای باڵادەست و رۆژاوایە.
نەبوونی رۆشنبیر بە هەموو سیفەتە مەعریفییە ئامادەکراوەکەی، بەمانای لەبەرچاو نەگرتنی خوێندەواران و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاکان نیيە. ئێمە خاوەنی مێژوویەکی ئەدبی کلاسیکی خۆمانین کە جیا لە کورد بوونی، نموونەیەکی زیندووی ئەدەبی کلاسیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەدەبی کلاسیکی کوردی یەکپارچە نیيە و لە نێوان کاریگەریی ئەدەبی کلاسیکی فارسی و عەرەبی و تورکی دابەش بووە.
تاکە بواری مۆدێرن و خۆیی ناو کۆمەڵگای کوردستان، بزووتنەوە نەتەوەییەکەیەتی. لەوێدا هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی روانگای هاوبەشە بەڵام کولتوور و پەروەردەی هاوبەشی نیيە، بۆیە وابەستەییەکی نهێنی لەناو بیری ناسیۆنالیستی کوردی بۆ سێ کولتوورە باڵادەستە داگیرکەرەکە هەست پێدەکرێ، ئەوەش حاڵەتێکی سەرسوڕهێن نیيە. هەر سیستەمێکی پەروەردەیی کەسایەتییەکانی خۆی بەرهەمدێنێ جا با ئەو کەسانە بەرپەرچی خودی سیستەمەکەش بدەنەوە. ئینسان بەروبومی ژینگە و سیستەمی زانیاری پێدان و راهێنانی کۆمەڵایەتییە. هەر وەک چۆن ژنێکی ئاگا هەست بە کۆت و بەندی چەمکە پەروەردەییەکانی جەندەری دەکات و بۆ نەهێشتنیان تێدەکۆشێ، بەڵام لە هەمانکاتدا ژیانی ”ژنایەتی“یش دەژێت.
ئاگایی ناسیۆنالیستی لە رۆژهەڵاتدا ئەنجامی پێگەیشتن و کامڵبوونی کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکو چاولێکەری و کاردانەوە بوو لەبەرامبەر داگیرکاری رۆژاوا. فکری ناسیۆنالیستی بە ئامادەکراوی خزایە ناو کۆمەڵگا هەرە تەقلیدییەکانی رۆژهەڵات، لەوانیش کوردستان. وەرگرتنی ئەو ئایدیۆلۆجیا کامڵە کە زۆر بە کەڵکی پاراستنی کولتووری محەلی دەهات، لە هەر کۆمەڵگایەک بەپێی ئاستی گونجایشی خۆیان دەسکاریان دەکرد و ناسنامەی خۆیان پێی تاریف دەکرد و خۆیان پێدەپاراست. چونکە ئەو ئاگاییە خۆکرد نەبوو بۆیە رۆشنبیریشی بۆ دروست نەببوو ، هەر لەسەر دەستی خوێندەوارە تەقلیدییەکان وەرگیرا و درایە کۆمەڵگا. سەرەتا بزووتنەوەی سیاسی دروست بوو ئینجا ئەو ئایدیۆلۆجیایە بڵاوکرایەوە. ئەو واقیعە میکانیزمێکی سادەی محەلی کیفایەت بوو، پێویستی بە رۆشنبیر نەبوو و ئینجا پێشی دروست نەدەکرا. هەر بۆیە بزووتنەوە نەتەوەییەکان بە رابەرایەتی کەسایەتی ئاینی و شێخ و میرەکان دەستیپێدەکرد. دوایی وردە وردە ئاگایی بڵاوبووەوە و تۆزقاڵێک لە مەعریفە و ئەزموونی ناسیۆنالیستی ئەوروپا گەیشتە رۆژهەڵاتی تەقلیدی و راپەڕی و، جۆرێک لە خوێندەواری پێگەیشتووی کۆمەڵگا بندەستەکان(بەتایبەتی کوردستان) پەیدابوون کە هەڵگری هەموو ئەو رەگەزە شێواوانە بوون کە پەروەردە لە کۆمەڵگایەکی بندەست بەرهەمیدێنێ، بەڵام جۆرێک لە هوشیاریشیان هەبوو- بوونە ئامرازی بڵاوکردنەوەی ناسیۆنالیزم و (هەر زوو) رکابەری سەرکردایەتی تەقلیدی ـ ئەو سەرکردایەتییەی بەبێ ئەو خوێندەوارە کەمتەجرەبە عەجولانەش دەیتوانی بزووتنەوەکە بەڕێوەبەرێ. ئەو چاوتێبڕییەی خوێندەوارە عەجولەکان بووە بنەمای دژایەتی و حەساسییەتی سەرکردایەتیی تەقلیدی بەرامبەر بە دیاردەی تازە نەفەسی ”رۆشنبیران“ی ناسیۆنالیست. لە هەر چوار پارچەی کودستان تا ئێستاش دڕدۆنگییەکی فراوان لەنێوان ”رۆشنبیران“ و سەرکردایەتی سیاسی هەیە.
لەو سەردەمەی کە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان زیاتر لە هەمیشە رۆشنبیر و سیستەمی سیاسییان تێکەڵ کردووە، لە پارچە ئازادەکەی کوردستان(هەرێم) مۆدی دەسەڵاتدزێوی و بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی نیشتمانی لەناو جیلی یەکەمی هەوڵدەرانی رۆشنبیرانمان برەوی هەیە. ئەو تیپە خوێندەوارەی بە پەلەپڕوزێ هەندێک لە ئەزموونی ئەوروپاییەکانی بیستووە، بە شێوازێکی زۆر میکانیکی لە دژی بەرژەوەندی وڵاتەکەی بەکاریدێنێ. ئەو مۆدە مەودای زۆر درێژ نابێ و دوای زیاتر لە بیست ساڵ سەربەخۆیی، زەمینەی سەرهەڵدانی رۆشنبیری مۆدێرنی خۆیی لە خەمڵاندایە. لە ئاماژەکانی ئەو تەقەلایە دروستبوونی سێ ئاراستەی رۆشنبیرییە کە ئەنجامەکەی بە رۆشنبیری راستەقینە کۆتایی دێت: یەکێکیان ئەو ئاراستەیە کە حەوداڵی نەقڵ کردنی رۆشنبیریی و عەقڵییەتی ئەوروپایە. ئەوانە بە شێوەیەکی میکانیکی کار لەسەر رۆشنگەری دەکەن و داهێنەری مۆد و لاسایی کردنەوەن. هەڵبەت دەستیان لە نووسین و وەرگێڕان بە هەمان ئاراستەدایەو لەسەر خوێنەرانی گەنج بێکاریگەریی نین. سلێمانی مەڵبەندی ئەو تەوژمەیە. ئاراستەی دووەم محافیزەکارانە و ئاینیانەیە. ئەوەیان هەنگاوێک لە توندڕۆیی دینی دوورکەوتۆتەوە بەڵام توند بە داب و نەریتەوە نوساوە و بڕوای بە ئازادی بیرکردنەوەی رەها نیيە.ئیخوانییەتی یەکگرتوویی مەکۆی ئەو ئاراستەیەن. ئاراستەی سێیەم بە سەمتی تێگەیشتن لە بنەماکانی پێشکەوتن و چاکسازی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و بیرکردنەوەی رەها و تێگەیشتن لە واقیعی کۆمەڵگاکەی و رۆژهەڵاتی ناوەراست، کاردەکات. ئەو ئاراستەیە دژی سیستەمی سیاسی نیيە و هەوڵی بەشداربوونی تێدا دەدات.
Top