یەکێتی ئەورووپا: لە عێراقدا سەروەرنەبوونی یاسا لە بێ هێزییە

 یەکێتی ئەورووپا: لە عێراقدا سەروەرنەبوونی یاسا لە بێ هێزییە
یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی قەیرانەکانی عێراق و دۆخی ناسەقامگیریی ئەو وڵاتە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا شيکردنەوەیەکی تایبەت بۆ هەندێ پرسی گرنگی عیراق کراوە و چەندین پێشنیاری خستووەتە ڕوو.

ڕاپۆرتەکە بە زمەناکەنی ئینگلیزی، عەرەبی بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا ئاستی پێشوازيكردن و تێڕوانينی كاراكته‌ره‌ لۆكاڵیيه‌كان له‌ بەشداریه‌كانی ئەو یەکێتیە بە درێژایی قەیرانەکان شرۆڤە دەکات، بێگومان ڕۆڵی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراقدا هەمەچەشنە و چەندین ته‌وه‌ر لەخۆ دەگرێت، وەکوو چاکسازی و پەرەپێدانی تواناکان و سەروەریی یاسا و پێشکەشکردنی یارمەتیی مرۆیی و گه‌شه‌سه‌ندنی گشتی.

زیاد لەوەش، ئەم ڕاپۆرتە تيشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ئایا هەوڵەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ پێداویستییەکانی لایەنەکان، هاوئاهەنگە یاخود ئەو هەوڵانە لەگەڵ تایبەتمەندی و هەستیارییەکانی کۆمەڵگە دەگونجێن؟. سەرەڕای ئەوەی کە بە شێوازێکی گشتی ڕوانگەکان سەبارەت بە ڕۆڵی ئەم یەکێتییە ئەرێنین، ئەم ڕاپۆرتە ئەم پێشنيازانەی خوارەوە دەکات:

لە وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە عێراقدا پێویستە یەکێتی ئەورووپا زیاتر جەخت لەسەر خستنەڕووی ڕۆڵی خۆی بکاتەوە و بەڵگان نیشانی دەدەن کە ژمارەیەکی زۆر لە خه‌ڵكی سوودمه‌ند بێ ئاگان لە هەوڵەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەو بوارەدا. پێوسته‌ یەکێتیی ئەوروپا زیاتر پەرە بە لایەنی هۆشیاریی بەشداربووان و سوودمەندان بدات سەبارەت بە ڕۆڵەکانی لە بوارەکانی ڕیفۆرمی کەرتی ئەمنی و سەروەریی یاسا و پڕۆژەکانی پەرەپێدان، كه‌ کەمتر ناسراون بە بەراورد بە بوارەکانی ديكه‌.

پێویستە یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشت و کۆمەکی زیاتر پێشکەش بکات و بە تایبەتی لە بوارەکانی ڕیفۆرمی کەرتی ئەمنی و پەرەپێدان و سەروەریی یاسا. ئەمە سەرنج و داواکاری ڕێژەیەکی زۆر لە بەشداربوان بوو و لەگەڵ بێ هێزبوونی سەروەریی یاسا و سنورداریی ئاستی تواناکان و ناسەقامگیریی ئەمنی بە شێوەیەکی گشتی، پێوێستی و چاوەڕوانیی خەڵک لە بەشدار ڕۆلی یەکێتی ئەورووپا لەو بوارانەدا زۆر زیاتر بووە.

پێویستە یەکێتیی ئەورووپا ئەو هۆکارانە دیاری بکات کە تاڕاده‌يه‌ك بوونه‌ته‌ هۆی ناڕه‌زايی سه‌باره‌ت به‌و کۆمەکانەی کە لە کاتی قەیرانەکان لە عێراقدا پێشكه‌شی دەکات. ڕێژەیەکی زۆر لە بەشداربوان کە پرسیاریان لێکراوە ئەوە دەردەبڕن کە ئەو کۆمەکانەی یەکێتیی ئەورووپا پێشکەشی دەکات گوزەرانی ژیانیانی باش نەکردوون لە کاتی قەیرانەکان و ئەوە پێویستی بە بەدواداچوون و ڕوونکردنەوە هەیە بۆ زانینی هۆکاری کەمی کاریگەریی یارمەتییەکان و پڕۆگرامەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەو بوارانەی کە کاری تێدا دەکات.










باسنيوز
Top