سەدر و حەکیم و عەبادی شکستەکەی پردێ دەخەنە ئەستۆی مالیکی
حەشدی شەعبی ھێزێکی میلیشیای شیعەیە و لە دەیان گرووپی جیا جیا پێکھاتووە، ھەر گرووپێکی فەرماندەیەکی ھەیە، زۆبەی گرووپەکانیش تەنیا گرووپەکەی موقتەدا سەدر نەبێت، وەلائی سیاسی و سەربازییان بۆ ئێران ھەیە و لەژێر فەرمانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێراندان.
ئەو میلیشیا شیعەیە کە زیاتر لە ٤٠ گرووپی چەکداری ھەیە، کە کۆی گشتییان دەگات بە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار چەکدار. رۆژی ھەینیی رابردوو بە زۆرینەی چەکدارەکانییەوە، لەگەڵ ھەزارانی دیکە لە سوپای عێراق، ھێرشێکی فراوانیان لە شارۆچکەی پردێوە کردە سەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکانی فەرماندەیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، دووچاری شکستێک ھاتوون، چاوەڕواننەکراو بووە بۆیان، کە بە دەیان تانک و بە سەدانیان لێ کوژراوە، کە یەکێک لەو تانکانە لە جۆری ئەمبرامزی (Abrams) ئەمەریکی بووە، کە نرخەکەی زیاتر لە ٦ ملیۆن دۆلارە و لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ شەڕی داعش دراوەتە سوپای عێراق و ئەوانیش شەڕی پێشمەرگەیان پێ کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ (باس) رای گەیاند، فەرماندەکانی ئەو میلیشیایانە دوای شەڕی شارۆچکەی پردێ لەبەرامبەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کۆ بوونەتەوە و دەمەقاڵێ لەسەر شەڕەکە کەوتووەتە نێوانیانیەوە.
بەپێی زانیارییەکان، گرووپی حەشدی سەرایا سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر لەگەڵ ئەو ھێرشە نەبووە و سەرکۆنەی عەسایبی ئەھلی حەقی کردووە کە نەدەبوو شەڕی پێشمەرگە بکەن.
ھاوکات گرووپی خۆراسانی حەشدیش فەرماندەکەی سەرکۆنەی فەرماندەکانی گرووپی عەسائیبی ئەھلی حەقی کردووە، کە لە نەخشەی شەڕەکە و ھێرشکردنەکەی سەرکەوتوو نەبووە، کە ئەوان دایانناوە، ھاوشێوە گرووپەکانی دیکەش ئۆباڵی شکستەکەیان خستووەتە ئەو گرووپەی حەشدی شەعبی کە بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەستی لە چەندین تاوانی گەورەدا ھەیە.
گرووپی عەسائبی ئەھل حەق، لە کە ساڵی ٢٠٠٧، بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی و ئەکرەم کەعبی، لەژێر سێبەری جەیشی مەھدیدا دامەزراون، خەزعەلی یەکێک بووە لە قوتابییەکانی محەمەد سەدری باوکی موقتەدا سەدر، بەڵام ئێستا سەرۆکایەتیی ئەم گرووپە دەکات و پابەند نییە بە فەتواکانی موقتەدا سەدرەوە و ڕاستەوخۆ فەرمان لە نووری مالیکی وەردەگرێت.
تیپی سەرایا سەلامیش، کە پێکھاتوون لە ئەندامانی جەیشی مەھدیی سەر بە موقتەدا سەدر، لە ساڵی ٢٠١٤ دوای فەتواکەی سیستانی، ناوە تازەکەیان ئاشکرا کردووە بە ناوی سەرایا سەلام، ئەم گرووپە فەرمانی راستەوخۆ لە موقتەدا سەدر وەردەگرێ، کە سەرۆکایەتیی ڕەوتی سیاسیی سەدریشە لە پەرلەمانی عێراق.
سەرایا خوراسانیش گرووپێکی چەکداریی دیکەی حەشدی شەعبییە و ھەر لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن فەیلەقی قودسی ئێران دروست کراوە، کە ئەرکی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بووە لە سووریا و عێراق، زۆربەی چەکدارەکانی ھەڵگری ناسنامەی عێراقی و لوبنانین، یەکێک بووە لەو ھێزانەی کە بۆ شەڕی پێشمەرگە ھێنراوەتە کەرکووک.
جگە لەو گرووپانە، بە دەیان گرووپی دیکەی حەشدی شەعبی بەشدارییان لە شەڕی کەرکووکدا کردووە، لەوانە رێکخراوی بەدر، کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی، حەرەکەت حزبوڵا نوجەبائی، کەتائیب سەید شوھەدا، سەرایا جیھاد و بنا، کەتائیب تەیار رسالی، سەرایا عاشوورا و دەیانی دیکە ھاتوون.
بەپێی زانیارییەکان، لە بەرامبەر بەو سەرکۆنانەی ئەو گرووپانەی حەشدی شەعبی، گرووپی عەسائیبی ئەھلی ھەق، پێیانی ڕاگەیاندووە، دەتوانن خۆتان لەبەرامبەر بە پێشمەرگە تاقی بکەنەوە، ئەوانیش لای خۆیانەوە پێیان ڕاگەیاندووە کە لە میحوەری دیکەوە ئەو تاقیکردنەوەیە دەکەن.
لەمبارەیەوە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانیش لە راگەیەنراوێکیدا، نیگەرانیی خۆی لەبارەی بەردەوامبوونی جموجۆڵی سەربازیی ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن لە ناوچەکانی دەرووبەری ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
لە راگەیەندراوێکەیدا کە دوێنێ، دووشەممە کۆپیەکی تایبەت بۆ (باس) ڕەوانە کراوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان رای گەیاندوە: "لە ماوەی ٤٨ سەعاتی رابردوودا ھێزەکانی عێراق ھێزێکی زۆری لە تانک و زرێپۆش و ھامەری و چەکوچۆڵی ئەمریکیی زیاتریان لە ناوچەکانی دەوروبەری ھەرێمی کوردستان کۆ کردووەتەوە".
ھەروەھا لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "عێراق ھیچ ئاماژەیەکی بە کۆتاییھێنانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نەداوە و ئەم جموجۆڵە سەربازییەش لەدوای ھێرشەکانی ھەفتەی رابردووی شاری کەرکووک و پردێ دێت".
ھەر بەپێی زانیارییەکان، شکستی پردێ کاری کردووەتە سەر ناوماڵی شیعەکان و ھەر یەک لە موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر، عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەو شکستەیان خستووەتە ئەستۆی نووری مالیکی سەرۆکی حزبی دەعوە و دەشیانەوێ لە ھەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی عێراقدا لە مانگی ٥ی ساڵی داھاتوو لەسەری گەورە بکەن.
بەڵام نووری مالیکی سەرۆکی حزبی دەعوە، دەیەوێ ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ١٦ی ئۆکتۆبەری یەکێتی خۆی بکات بە خاوەنی، وەکوو ئەوەی ئەو ھۆکاری دەست بەرسەرداگرتنی کەرکووک بووە.
بەکر حەمەسدیق، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی لە بەغدا، بۆ (باس) رای گەیاند، ناکۆکیی شیعەکان ھێندە ئاسان نییە کۆتایی بێت و ھەموو ئان و ساتێک لە لێواری تەقینەوەدایە، گوتی: “بەردەوام سەرکردەی شیعەکان سەرکەوتنەکان خۆیان دەکەن بە خاوەنی و شکستەکانیش دەخەنە ملی یەکتری، ھەرچەند لە ھەڵبژاردنیش نزیک ببنەوە بەیەکدانانی ئەوان زیاتر دەبێت و پێشبینی زۆرە بەر لە شەڕ و ھاتنیان بۆ کوردستان سەرەتای شەڕەکانیان لەناو میلیشیاکانیانەوە دەست پێ بکات”.
د. ھاوار نێروەیی، شارەزا لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی، بۆ (باس) رای گەیاند، حەشدی شەعبی نە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و نە لەسەر ئاستی ئایدۆلۆجی و نە سەربازی یەکگرتوو نییە، بەڵکوو ئایدۆلۆجیایەکی مەزھەبیی ئێرانی و عێراقی و وەلائی شەخسییە.
گوتی: “ئەوەی کۆی کردنەوە بۆ ھێرشکردنە سەر کوردستان، ئەوەبوو لە ناواخنی گرووپەکانی حەشددا پەروەردەی ئەوە ھەبوو دژایەتی و شەڕی کوردستان بکەن، وەلائی ئێران و فەرمان وەرگرتن لە ئێران و مالکی یەکێکی دیکە بووە لە ھۆکارەکان”.
باسنيوز
