دوای شێل پێترۆناسیش لە کێڵگەی مەجنوونی عێراق دەکشێتەوە

 دوای شێل پێترۆناسیش لە کێڵگەی مەجنوونی عێراق دەکشێتەوە
کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی مالیزیا ناسراو بە پێترۆناس بڕیاریدا لە کێڵگەی مەجنوونی عێراق بکشێتەوە.

کۆمپانیای پێترۆناس بڕیاریداوە واز لە پشکەکانی خۆی بهێنێت لە کێڵگەی مەجنوون بەهۆی ئەوەی کە قازانجی کارکردنی لەو کێلگەیە کەمە. پێترۆناس لە کێلگەی مەجنوون خاوەنی سەدا 30 ی پشکەکانە.

بەپێی سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای پێترۆناسەوە، بەو زوویانە کۆمپانیایەکی راوێژکاری رادەسپێرێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە فرۆشتنی پشکەکانی.

پێشتر کۆمپانیای شێل رایگەیاندبوو کە واز لە کێڵگەی مەجنوون دەهێنێت کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و رۆژانە 200 هەزار نەوت بەرهەمد‌ێنێت.

عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و پێترۆچاینای لە کۆبوونەوەیەکدا خوازیاربوون دوای وازهێنانی شێل و پێترۆناس لە مەجنوون لەو کێڵگەیەدا کاربکەن.



رووداو
Top