لەنێو هۆزە عەرەبە سوننەكان جوڵانەوەیەك بۆ دروستكردنی ئەنجوومەنی ریفراندۆم هەیە
رووداو: دوای بەڕێوەچوونی گشتپرسییەكەی باشووری كوردستان، عەرەبەی سوننە بەرەو كوێ؟
ناجح میزان: دیاریكردنی چارەنووسی عەرەبی سوننە لە دیاریكردنی چارنووسی گەلی كورد گرنگترە، بە تایبەتی ئێستا عەرەبی سوننە زۆربەیان ئاوارەن، یان لە زیندانەكانی حكومەتی عێراقدان بە تۆمەتی تیرۆر و بەعسیبوون. ناوچەكانیشیان لەلایەن میلیشیا ئێرانییەكانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ملیۆن و نیوێك عەرەبی سوننە عێراقیان جێهێشتووە، بۆیە ئێستا پێویستە هەنگاو بنێین بۆ دیاریكردنی چارەنووسی عەرەبی سوننە و دروستكردنی چەند هەرێمێك بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەكانیان.
ئەمریكا 4000 سوننەی لە ئەنبار چەكدار كردووە
رووداو: گشتپرسی باشووری كوردستان دۆزی سوننەكانی لە عێراق پێشخستووە؟
ناجح میزان: قەیرانەكانی عێراق و گشتپرسیی كوردستان بوونە هۆی ئەوەی هاوپەیمانی شیعەكان بكەوێتە خراپترین و لاوازترین دۆخەوە، دواجار پارچە پارچە دەبن، بۆیە ئێستا بێهێزن، پێویستیان بە پاڵپشتی پێكهاتەیەكی دیكەی عێراق هەیە، نایانەوێ هیچ بەرەیەكی دیكە بكەنەوە، چونكە ئێستا لە بەرەیەكدان بەرامبەر كورد. بۆیە ئەگەر عەرەبی سوننە داوای مافی خۆیان بكەن بە دامەزراندنی هەرێم و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان، ناتوانن دژی بن. گشتپرسیی كوردستان ئومێد و هێزێكی زیاتری بە ئێمە داوە، بۆیە دەبێ ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە.
رووداو: پارتە كوردستانییەكان ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمیان دروستكرد كە توانی پرۆسەكە بە ئەنجام بگەیەنێ، هیچ هەوڵێك هەیە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم دروست بكەن؟
ناجح میزان: بەڵێ هەوڵ و جوڵەیەكی میللیی زۆر هەیە و جەماوەری سوننە گوشار دەكەن بۆ ئەوەی ئەزموونی كوردستان دووبارە بكرێتەوە. داواكاریی زۆریش بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم هەیە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ناوچە سوننەكان. بەداخەوە كێشەكە لە خودی سەركردە سوننەكانە كە بۆ رازیكردنی ئێران و ویلایەتی فەقیه داوای مافی سوننە ناكەن و بێدەنگ دانیشتوون لە پێناوی پاراستنی پۆست و دەستكەوتی ماددی، وەكو ئەوەی بارودۆخی سوننە زۆر باش بێت و هیچیان بەسەر نەهاتبێت، بەڵام جەماوەری سوننە و هۆزەكان و خەڵكی بێلایەن و ئەكادیمی لە جاران زیاتر دەنگیان بەرز كردووەتەوە.
هاوپەیمانیی شیعەكان پارچەپارچە دەبێت
رووداو: ئەگەر سەركردە سوننەكان لەگەڵ دروستكردنی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم نەبن چۆن دەتوانرێت هەنگاوێكی وا گەورە و هەستیار بنرێ؟
ناجح میزان: بەداخەوە هەندێك سەركردەی سوننە لەبارەی گشتپرسی لە شیعە زیاتر بەرامبەر كورد توندن. سەیر بكە هەموو رۆژێك سەلیم جبووری و ئەوانەی بە دوای كەوتوون، كۆدەبنەوە و كۆمەڵێك بڕیار دژی كورد دەردەكەن، ئەوانە هیچیان بۆ سوننە پێناكرێت، بەڵام جووڵانەوەیەكی سیاسی بەهێز لە عەمان، لەندەن و هەولێر دەستی بە كۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ لایەنەكانی نێو پێكهاتەی سوننە كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی سوننە و داڕشتنی نەخشەڕێگایەكی دروست بۆ حوكمڕانی و شەراكەت. ئەگەر عەرەبی سوننە ئەو ئەزموونەی كورد كۆپی بكەن، هاوپەیمانی شیعە ناتوانێت دژی بوەستێ. یان هەرێمی فیدراڵی لە پارێزگا سوننەكان دروست دەبێت یاخود عەرەبی سوننە دەچنە پاڵ دەوڵەتی كوردستان، هەروەكو لە زمانی شێخ ئەحمەد كوبەیسی و چەندین كەسایەتی دیكەی سوننەوە تەئكید كراوەتەوە.
رووداو: هیچ وڵاتێكی عەرەبی هەیە پشتگیری عەرەبی سوننە بكات بۆ ئەوەی ئەوانیش كار بۆ دروستكردنی هەرێم و دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان بكەن؟
ناجح میزان: عەرەبی سوننە لە لایەن هەندێك لە وڵاتانەوە پشتگوێخراون، چونكە سەركردە و كەسی وایان تێدا نەماوە تا مامەڵەی لەگەڵ بكەن. لە كوردستانیش هەمان كێشە هەیە، برایانی كورد سەركردەیەكی سوننەیان نەدۆزیوەتەوە تا كاری هاوبەشی لەگەڵ بكەن، ئەوەی ماوە خەڵكی هۆزەكان و دەستەبژێر ماون كە ناتوانن لە ناوچەكانی خۆیان بە ئازادی كاری سیاسی بكەن لەبەر هەڕەشەی میلیشیاكان، بۆیە پەنا دەبەنە بەر دەرەوەی عێراق.
رووداو: دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچە سوننەكان لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە، بە نیازی چین؟
پێویستە عەرەبی سوننە ئەزموونی كورد كۆپی بكەنەوە
ناجح میزان: ناوچەی سوننەكان پێشتر لەلایەن داعشەوە داگیركرابوون، ئێستاش لە لایەن میلیشیای تائیفی داگیركراون، هیچیان ئەو ناوچانەیان ئازاد نەكردووە، بەڵكو هاتوون خەڵكەكەیان ئاوارە و ماڵوێران كردووە، سەیری جورف ئەلسەخر و سلێمان بەگ بكە هەمووی بە دەستی میلیشیاكانەوەیە. عێراق هەمووی لەلایەن ئێرانەوە هەڵدەسووڕێ، ئەگەر ئەو ناوچانە رادەستی خاوەنی حەقیقی نەكرێنەوە دەست لە ئاوارەكردن و سوتاندنی ماڵ و تێكدانی كێڵگە كشتوكاڵییەكان هەڵنەگیرێت، ئەوە عەرەبی سوننە پەنادەبەنەوە بەر چەك وەكو دوایین بژارە و چارەسەر.
رووداو: ئێوە ناتوانن ئەزموونی رەبیعە و هۆزەكانی شەممەر لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دووبارە بكەنەوە كاتێك لیوای پێشمەرگە بۆ ئەو هۆزە عەرەبانە پێكهێنرا و ئێستا ناوچەكانی خۆیان دەپارێزن؟
ناجح میزان: ئەزموونێكی سەركەوتوو بوو، رەبیعە پێش مووسڵ ئازاد كرا، ئەگەر دەرفەتێكی دیكە هاوشێوەی رەبیعە بۆ عەرەبی سوننە بێتە پێشەوە زۆر باشە، ئێمە بەدوای چارەسەری شەرعی بۆ دۆزی عەرەبی سوننە دەگەڕێین، بۆیە چەكیش لە رێگای شەرعییەوە هەڵدەگرین، نەك لە رێگای ئێرانەوە. چەك هەڵگرتنیش لە پێناو گەڕاندنەوەی كەرامەت و ئازادی خۆمان و پاراستنی ناوچەكانمان لە دەستی داعش و میلیشیاكان.
دەمانەوێ بۆ پاراستنی ناوچەكانمان چەكی شەرعی هەڵبگرین
رووداو: لەگەڵ ئەمریكییەكان باسی ئەو پرسەتان نەكردووە؟
ناجح میزان: چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئەمریكییەكان هەبووە، لە ئەنبار 4000 كەس لە لایەن ئەمریكاوە چەكداركراون. لە رێگای روتبە و سنووری ئوردن هۆزەكان چەكدار كراون. لە دوای ئەم دۆخە نوێیە چەكداركردنی عەرەبی سوننە بە چەكی شەرعی پێویستییەكی حەتمیە.
رووداو
