بەشار ئەسەد پیرۆزبایی لە فوئاد مەعسوم دەکات

 بەشار ئەسەد پیرۆزبایی لە فوئاد مەعسوم دەکات
سەرۆکی رژێمی سووریا پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری عێراق دەکات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەردەبڕێت.



بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، رۆژی شەممە 5\8\2017، فوئاد مەعسوم لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ عیماد خەمیس، سەرۆکی حکوومەتی رژێمی سووریا کۆ بووەتەوە.



عیماد خەمیس پیرۆزبایی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمەکەی گەیاندووەتە فوئاد مەعسوم بە بۆنەی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.



سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، جەختی لە ”پەیوەندیی قوڵی“ عێراق و سووریا کردووەتەوە، بە تایبەت پەیوەندییە بازرگانی، پیشەسازی و کۆمەڵایەتییەکان.



عیماد خەمیس ویستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق نیشان داوە ، کە ”خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی برا بکات“.



باسنيوز
Top