پێنج لیوا لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەر دوورخرانەوە

پێنج لیوا لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەر دوورخرانەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی ئاشكرای كرد پێنج لیوای سەربازی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای تەلەعفەر دوورخراونەتەوە.


موسا عەلی جولاق فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی رایگەیاند فەرماندەیی سەربازی باڵا كە سەرپەرشتی پلانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەر دەكات، هەر یەك لە لیوای ٩٢ی سەر بە فیرقەی ١٥ی سوپا و هەردوو لیوای ٩ و ١٠ی سەر بە فیرقەی ٣ی پۆلیسی فیدراڵی لەگەڵ فەوجەكانی فریاكەوتنی پۆلیسی تەلەعفەر و لیوای حوسێن سەر بە حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنەكەدا دوور خستووەتەوە.


ئاماژەی بەوەش دا كە زۆربەی چەكدارانی ئەو هێزانە كە لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای تەلەعفەردا دوور خراونەتەوە، رۆڵەی قەزاكەن.


فەرماندەكەی حەشدی شەعبی كە سەر بە پێكهاتەی توركمانە، سەرسڕمانی خۆی لەو بڕیارە نیشان دا و گوتی "لە كاتێكدا رۆڵەكانی تەلەعفەر لە شەڕەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی، ئەنبار، سەڵاحەدین، مووسڵ و ناوچەكانی دیكە بەشداریان كردووە، بۆچی لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكەیان بێ‌ بەش كراون؟"
bas news-
Top