ورده‌كارى كچه ئه‌ڵمانییه‌كه‌ى داعش ئاشكرا ده‌بێت
دواى ساڵێك له په‌یوه‌نیكردنى به ڕێكخراوى توندڕه‌وى داعش و هه‌ڵاتنى له ژیانی خۆشگوزه‌رانى ئه‌ڵمانیا، هێزه ئه‌منییه‌كانى عێراق، له یه‌كێك له توونێله‌كانى داعش له مووسڵ، كچه پرچ كاڵێكی ئه‌ڵمانییان ده‌ست به‌سه‌ر كرد.
" لیندا " له توونێلێكدا له‌گه‌ڵ گرووپێك له ئافره‌تى چه‌كدارى سه‌ر به داعش ده‌ستگیر كرا، كه ژماره‌یه‌كیان پشتێنى بۆمبڕێژیان به‌ستبوو.
هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا، چه‌ند ده‌نگۆیه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و كچه بڵاو بووه‌وه، جارێك به‌وه‌ى قه‌ناس به‌ده‌ستى ڕووسییه و چه‌كدارى داعشه، جارێكیش به‌وه‌ى كچه ئێزدییه و ڕزگار كراوه، به‌ڵام هه‌ر خێرا ئه‌و ده‌نگۆیانه ڕه‌ت كرانه‌وه و هێزه ئه‌منییه‌كان جه‌ختیان كرده‌وه، كه ئه‌و كۆمه‌ڵه ئافره‌ته، وه‌ك مه‌فره‌زه‌یه‌كی "پۆلیس" له داعش كاریان كردووه، له‌نێویشیاندا ئافره‌تى توركی و ڕووسی و چیچیانی و كه‌نه‌دی هه‌یه.
لیندا ته‌مه‌نى 16 ساڵ بوو، كاتێك له ته‌مووزى پارساڵ ماڵى خۆیانى له ئه‌ڵمانیا به‌جێهێشت. سه‌ره‌تا تكتێكى گه‌شتكردنى فرۆكه‌ى بۆ توركیا به ناوى دایكی خۆیه‌وه كڕى، ئه‌و ڕۆژه‌ش كه گه‌شتى كرد، به‌ناوى دایكییه‌وه سه‌ر فڕۆكه‌كه كه‌وت و دواى ئه‌وه‌ى گه‌یشته توركیا، له‌وێوه ڕۆشته سووریا و پاشان عێراق.
هاوڕێ نزیكه‌كانى ئه‌و كچه ئه‌ڵمانییه به ڕۆژنامه‌ى (ده‌یلى مه‌یل)ى به‌ریتانییان گوتووه، لیندا پێش ئه‌وه‌ى گه‌شت بكات، له ڕێگه‌ى گه‌نجێكى توندڕه‌وه‌وه به چاتى ئینته‌رنێت بووه به موسڵمان، هه‌ر ئه‌ویش وای لێكردووه ڕازی بێت په‌یوه‌ندی به داعشه‌وه بكات.
ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌ڵمانیا، ڕوونیان كرده‌وه، كه تائێستاش لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بزانن ئه‌و كچه‌ى له مووسڵ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه، "لیندا" یه یان كچێكى دیكه.
BAS NEWS-
