باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: لە موسڵ داعش کەمتر لە کیلۆمەترێکی لە دەست مایە
ئەمرۆ ماڵپەری رووداو بڵاویكردۆتەوە كە دۆگڵاس سلیمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 5-7-2017) رایگەیاند: ئەمریکا، پشتیوانی خۆی بۆ هێزە عێراقییەكان دووبارە دەكاتەوە تاوەکو كۆتاییهێنان بە داعش.
ئەمریكا بڕی هاوكارییەكانی بۆ عێراق زیاد دەكات، دۆگلاس سلیمان دەڵێ: ئەمریکا بڕی 150 ملیۆن دۆلار پێشكەش بە عێراق دەكات بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانكراوەكان و، گەڕانەوەی ئاوارەكان و، خزمەتگوزاری ئەو ناوچانەی كە شەڕ وێرانی كردوون.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی كە لە ئاییندەی عێراقدا، نابێت چەك بەدەستی میلیشیا چەكدارەكان و گرووپە چەكدارە نایاساییەكان بێت، بەڵكو دەبێت چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت.
لە هەفتەی داهاتوودا لە واشنتن-ی پایتەختی ئەمریکا، بەمەبەستی تاوتوێكردنی ئاییندەی عێراق لەدوای داعش كۆنگرەیەكی هاوبەشی عێراقی و ئەمریكی بەڕێوەدەچێت.
دۆگڵاس سلیمان دەڵێ: بەشێكی گرنگی کۆنگرەکە تایبەت دەبێت بە پرسی ئابووری، ئەمەش بۆ هاندانی كۆمپانیا بیانییەكانە، تاوەکو بتوانین لەو رێگەیەوە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق بەرەو پێشببەین.
گوتەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەکاتێکدان سوپای عێراق ئەمڕۆ دوو ناوچەی دیكەی لە موسڵی كۆن كۆنترۆڵکردوونەتەوە.
فەریق روكن عەبدولئەمیر یارەڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی هاتین نەینەوا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: دوای رووبەڕووبوونەوەیەكی تووند، ئەمڕۆ هێزە ئەمنییە هاوبەشەكانی عێراق هەردوو ناوچەی خاتوونییە و تەوالبیان لە موسڵی كۆن كۆنترۆڵكردەوە و، زیانێكی گیانی و ماددی زۆریشیان بە چەكدارانی داعش گەیاند.
محمد سلێمان
