هێزە عێراقییەکان 200 مەتر لە مزگەوتەکەی ئەبوبەکر بەغدادی دوورن

 هێزە عێراقییەکان 200 مەتر لە مزگەوتەکەی ئەبوبەکر بەغدادی دوورن
هێزە عێراقییەکان 200 مەتر لە مزگەوتەکەی خەلیفەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دوورن.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، لیوا روکن مەعن سەعدی، فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق رایگەیاندووە، کە پێشڕەویی هێزەکانیان لە مووسڵ بەردەوامە و بەشێکی کەمی مووسڵ لەژێر دەسەڵاتی داعشدا ماوە.

لیوا روکن مەعن سەعدی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئێستا هێزەکانیان تەنیا 200 مەتر لە مزگەوتی نوری دوورن و بە رزگارکردنەوەی ئەو مزگەوتەش، کۆتایی بە دەوڵەتی تیرۆریستی داعش لە عێراق دێت.

دوای داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش وتارێکی لە مزگەوتی نوری پێشکەش کرد و تێیدا دروستکردنی خەلافەتی داعشی راگەیاند.

سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.

رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
Top