عێراق و سعودیە لە بارەی دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی هاریکاریی هاوبەش رێككەوتن

عێراق و سعودیە لە بارەی دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی هاریکاریی هاوبەش رێككەوتن
عێراق و سعودیە لە راگەیێندراوێکدا یەکەم کاری هاوبەشیان راگەیاند کە دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی هاریکاریی هاوبەشە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

بەپێی راگەیێندراوێکی هاوبەش کە هەردوو وڵات بڵاویانکردووەتەوە، جگە لە دامەزراندنی ئەنجوومەنەکە، عێراق و سعودیە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی بیری تووندڕەوی و هەوڵدان بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی گرووپە تووندڕەوەکان رێککەوتوون.

رۆژی دووشەممە 20-6-2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ یەکەمجار بە سەردانێک گەیشتە سعودیە و لەگەڵ مەلیک سەلمان بن عەبدولعەزیر، شای سعودیە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەشدا بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لە سەرجەم بوارەکان تاوتوێکردوون.

لە کۆبوونەوەکەدا شای سعودیە راگەیاندووە: دڵمان کراوەیە و هەموو دەرگا رەواکانیش بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ عێراق کراوەن، ئامادەی یارمەتی و هاوکاری هاوبەشین لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، سنوور، کەرتی تایبەت، پیاوانی کار، ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییەکان، زیاترکردنی هاوئاهەنگی لە رووبەڕبوونەوەی تیرۆر و هاوکاریکردن بۆ لەنێوبردنی داعش و پاراستنی ئاسایشی هاوبەش.

مەلیک سەلمان بن عەبدولعەزیر بە عەبادی و شاندی یاوەری گوتووە: ئێمە خۆشحاڵین بە سەردانەکەتان، هەوڵەکانتان لە رووبەڕبوونەوەی تیرۆر و دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان لەو بوارەدا جێگەی ستایشن، سوپاسی خوا دەکەین لەسەر سەقامگیری عێراق، هیوادارین پەرەی زیاتر بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بدرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا عەبادی سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی کردووە و گوتوویەتی: ئێمە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی دروست و پتەو دەدەین، بە هەنگاوی دروست و بەرنامە بۆ داڕێژراو دەڕۆین، ئەمڕۆ بە دڵێکی کراوە هاتووین و ئامادەی هاوکارین، دوای ئەوەی دڵکراوەیی و گەورەیی ئێوەمان بینی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها گوتوویەتی: پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گەلەکەمانە، نامانەوێت لە چوارچێوەی سیاسەتی میحوەری بێت، پەیوەندیی فرەییمان لەگەڵ هەموو وڵاتە جیاوازکانی جیهان و دراوسێ دەپارێزین، لە بڕیاری خۆماندا سەربەخۆیین، بەدوای بەرژەوەندی گەل و ئاسایشمانین. هاوکات دووپاتی لەسەر گرنگی هاوکاری لە دژی تیرۆر و لەنێوبردنی داعش کردووەتەوە.

لە سەردەمی سەددام حوسێن پەیوەندی عێراق و سعودیە لەوثەڕی ناخۆشیدا بوو، لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراقیش پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە ئاسایی نەبووە و عێراق بەردەوام سعودیەی بە هاوکاریکردنی گرووپە تووندڕەوەکان تۆمەتبار دەکرد، بەڵام رۆژی 25-2-2017، عادل جوبێر، وەزیری دەرەوەی سعودیە لەدوای ساڵی 1990 ەوە وەک گەورەترین بەرپرسی دیپلۆماسی سعودیە گەیشتە بەغدا، ئەمەش بووە دەستپێکی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان.

محمد سلێمان

روداو
Top