شەش گوندی دیکە لەژێر دەسەڵاتی داعش رزگار دەکرێنەوە
رۆژی دووشەممە 12.6.2017، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنەوەی نەینەوا لە بەیاننامەیەکدا،رزگارکردنەوەی شەش گوندی لە شارەدێی محەلەبییەی رۆژئاوای مووسڵ، راگەیاند.
فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، کە گوندەکان لەلایەن هێزەکانی فیرقەی 15ـی سوپای عێراقی رزگارکراونەتەوە و بریتین لە شێخ قەرەی خواروو، مەوالی، عەتشانە، عەزیزییە، شوھەدا و تیشە.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 19.2.2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی بەری رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵیان راگەیاند.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
