دەروونناسێک: خەڵکی عێراق دوای ساڵانێک لەشەر پێویستیان بە چارەسەر و رێکخستنی دەروونی ھەیە
پزیشکانی بێ سنوور، نۆڕینگەیەکی نوێی لە کەمپی عامرییەی فەلوجە، کە تێیدا تیمێک برینە جەستەییەکانی خەڵک تیمار دەکەن و تیمێکی تر کە لە چوار دەروون اس و پزیشکێکی دەروونی پێک دێت، برینە دەروونییەکانیان چارەسەر دەکەن.
مێلیسا ڕۆبیشۆن، دەروونناس لە پزیشکانی بێ سنوور و بەڕێوبەری تەندورستی دەروونی لە کامپی عامرییەی فەلوجە، ئەوەی خستەڕوو: "عێراقییەکان بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بە چەندین رووداوی ئازاربەخشدا تێپەڕ بوونە، کە چیڕۆکەکانی خۆیانمان بۆ دەگێڕنەوە، زۆربەی کات لە ٢٠٠٣وە دەست پێ دەکەن، لەوکاتەوە بە بەردەوامی لەگەڵ شەڕ و توندوتیژییەوە ژیاون".
بەپێی دەروونناسەکەی رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور، توندوتیژی و ئاوارەبوون و جیابونەوە ھەندێک لەو ھۆکارانەن کە دەبنە ھۆی دروستبوونی گرفتی دەروونی. مێلیسا دەشڵێت: "بارودۆخەکە کار لە ھەمووان دەکات، بەڵام بە شێوەی جیاواز، نەخۆشە پیاوەکانمان گلەیی لەوە دەکەن کە ھەست بە بێ کەڵکی دەکەن، نەبوونی توانای دابینکردن بۆ خێزانەکانیان فشار دەخاتە سەریان، ھەندێک جاریش سەغلەتییە دەروونیەکان لە ڕێگەی توندوتیژیەوە دەردەبڕن".
مێلیسا، ئەوەشی روون کردەوە: "منداڵ و ھەرزەکارەکان، کۆمەڵێکی زۆر ھەستیارن، لەوانەیە لە داھاتوو تۆقینی دەروونی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پەرەسەندنی درێژخایەن و جموجۆڵیان بە تێکڕایی ھەبێت، ھەندێک جاریش لەوانەیە ببێتە ھۆی گرفت لە ھەڵسوکەوت کردن لەگەڵ ھەست و سۆزی بەھێز و یاخود زەحمەتی لەفێربوون و ھەڵسوکەوت، کە تەندورستییان دەخاتە مەترسییەوە".
ئەو دەروونناسە، جەختی لەوە کردەوە: "پێویستی بۆ پاڵپشتی دەروونی شتێکی ئاشکرایە کاتێک ژمارەی نەخۆشەکان و سەختی تۆقینەکانیان دەبینم، بەڵام بەربەستی زۆر ھەیە، لەوانە ئەوپەڵەیەی چواردەوری نەخۆشییە دەروونیەکانی داوە، زۆر کەس لەوانەیە سوود لە چارەسەری وەربگرێت، بەڵام لە ترسی تێڕوانینی خەڵک بەشداری پڕۆگرامەکە ناکات، ھەروەھا لە عێڕاق کەمی پزیشکی دەروونی و دەرووناسیش ھەیە، بۆیە ئێمە ھەوڵی زۆر دەخەینە گەڕ بۆ ڕاھێنانی کارمەندە عێڕاقییەکانمان، کە ھەندێکیان کێشەی دەروونی خۆشیان ھەیە کە دەبێ مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، ئەوان خەڵکی ھەمان ناوچەن و بەھەمان رووداوی نەخۆشەکان تێپەڕ بوونە".
BAS NEWS-
