عێراق.. لە مانگی رابردوودا 824 کەسی سڤیل بوونەتە قوربانی
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاریی عێراق (یونامی)، ئاماری قوربانیانی سڤیلی مانگی رابردووی بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/6/2017 بە گوێرەی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاریی عێراق (یونامی)یەوە تۆمار کراون، بە تێکڕایی لە مانگی ئایاردا بەھۆی کارە تیرۆریستییەکان، توندوتیژی و شەڕی چەکدارییەوە 354 مەدەنی عێراقی کوژراون 470 ی تریش بریندار بوونە.
لەو ژمارەیەدا لە پارێزگای نەینەوا ١٦٠ مەدەنی کوژراون و ٥٢ کەسیش بریندارە، ئامارەکانی پارێزگای بەغداش برتییە لە ٨٦ کوژراو و ٢٢٦ بریندار، ھاوکات لە پارێزگای بەسڕە ١٣ کوژراو و ٤١ بریندار ھەیە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە یونامی لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ئەنبارەوە دەستی کەوتوون، پارێزگایەکە ١٣٦ قوربانی داوە کە ٤٧ کوژراو و ٨٩ بریندارە، ئامارەکانیش تا رۆژی ٣١ی ئایاری تازەکراونەتنەوە.
لای خۆشییەوە، یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، کارە تیرۆریستییەکانی ئیدانە کرد کە ھاوڵاتییانی مەدەنی بە ئامانج دەگرن، چ پێش رەمەزان و چی لە رۆژە سەرەتاییەکانی رەمەزاندا و گوتیشی: "ھەرچەندە داعش لە موسڵ لە گیانەڵڵای مردن دایە، بەڵام ھێشتاش دەستی چەپەڵی بۆ چەند شوێنێکی دیکە درێژ دەکات، بۆ ئەوەی فشاری سەربازی لەسەر خۆی سووک بکات و بە مەبەستیش دەیەوێت ئەوپەڕی ژمارەی قوربانی لە خەڵکی مەدەنی بخاتەوە".
BAS NEWS-
