عه‌بادى: هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆیدا ده‌كرێت و داعشى سووریا له داعشى عێراق داده‌بڕین
سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، كه "تیرۆر" ناتوانێت زه‌فه‌ر به‌عێراقییه‌كان ببات ئه‌گه‌ر مۆڵگه‌یان بۆ درووست نه‌كرێت، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، كه هه‌ڵبژاردنه‌كان، له كاتى خۆیدا ده‌كرێت، داواشى له لایه‌نه سیاسییه‌كان كرد، پابه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی و شه‌ڕى تیرۆر بن.
حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراقی فیدڕاڵ، له‌دواى دانیشتنى ئاسایی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، سه‌رسوڕمانى خۆى له‌و لێدوانانه ده‌ربڕى كه داواى حكوومه‌تى بارى نائاسایی ده‌كه‌ن، گوتیشی :" هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆیدا ده‌كرێت و كه‌س ناتوانێت كاته ده‌ستوورییه‌كان، بگۆڕێت".
پێشتر نوورى مالیكی، سه‌رۆكى ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسایی، چه‌ند جارێك له لێدوانه‌كانیدا ئاماژه‌ى به‌وه داوه، كه نیازێك هه‌یه هه‌ڵبژاردن له كاتى خۆیدا نه‌كرێت و بارى نائاسایی له عێراق، ڕابگه‌یه‌نرێت، بۆیه عه‌بادى له وه‌ڵامى ئه‌و لێدوانانه‌دا، سه‌رسوڕمانى خۆى ده‌ربڕى و گوتیشی :" ته‌نها گه‌لى عێراق ده‌توانێت لایه‌نێك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لابدات".
هاوكات، داواى له سیاسییه‌كان كرد، له ژووره‌كاندا لێدوانێك نه‌ده‌ن و كاتێك له میدیاكاندا ده‌رده‌كه‌ون لێدوانى پێچه‌وانه بده‌ن.
له‌باره‌ى داعشیشه‌وه، حه‌یده‌ر عه‌بادى، گوتى :" به‌سه‌رپه‌رشتى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه چه‌كداره‌كان، پلانێكى تۆكمه دانراوه بۆ پاراستنى سنووره‌كانى عێراق و سووریا و دابڕینی داعشى سووریا له چه‌كداره عێراقییه‌كانى".
bas news-
