ئەمریكا: پلانمان لەناوبردنی داعشە بە زووترین كات

ئەمریكا: پلانمان لەناوبردنی داعشە بە زووترین كات

جێمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند پوختەی ستراتیژی نوێی وڵاتەكەی، لەناوبردنی داعشە بە تەواوی و بە جموجۆڵێکی خێرا و بەھێز.


ماتیس لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی CBSی وڵاتەکەی رایگەیاند پەرە بە ستراتیژییەکی نوێ دەدەن کە لە جیاتی لاوازکردنی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا و راونانیان بۆ ناوچەیەکی دیکە، گەمارۆی رێکخراوەکە بدەن و بە تەواوی لەناوی ببەن.


وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی "ئامانجمان رێگریکردنە لە گەڕانەوەی شەرخوازە بیانییەکان بۆ باکووری ئەفریقیا، ئەورووپا، ئەمریکا و ئاسیا و ئەفریقیا کە لە شەڕ و پێکدادانەکاندا ھەڵدێن".


ماتیس ئاماژەی بەوە دا کە داعش ھەڕەشە بۆ شارستانیەتی گشت وڵاتان دروست کردووە و گوتیشی "پوختەی ستراتیژی نوێ، لەناوبردنی داعشە بە تەواوی بە جموجۆڵێکی خێرا و بەھێز".


وەزیری بەرگریی ئەمریکا روونیشی کردەوە کە ستراتیژی نوێی ئەمریکا، رێگریکردنە لە ھەڵاتنی داعش، گوتیشی "بۆ نموونە رێکخراوەکە لە رۆژئاوای موسڵ گیری خواردووە. ھێزەکانی ئەمنی عێراق دەستیان بە جموجۆڵ کرد بۆ لەناوبردنی تەواوی چەکداران. تەلەعفەر گەمارۆ دراوە. ھاوکات ئۆپەراسیۆنێک بۆ گەمارۆدانی رەقە کە وەک پایتەخت لە سووریا رایانگەیاندووە، درێژەی ھەیە. لە دوای تەواوبوونی گەمارۆکان، بە ھەمان شێوە شارەکە لە چەکداران پاک دەکەینەوە".


ماتیس ئەوەشی خستەڕوو کە بابەتی بنەڕەتی ئەوەیە لە دوای لەناوبردنی داعش، رێگری لە سەرھەڵدانی رێکخراوێکی تیرۆریستی دیکە بکرێ.


ماتیس گوتیشی "لە دوای لەناوبردنی داعش، کار و ھەوڵی زۆرمان دەبێ بۆ ئەوەی دوژمنێکی دیکە سەرھەڵنەدات. دەزانین کە داعش شکست دەھێنێ. ئێمە لە گۆڕەپانی جەنگ سەرکەوتوو بووین. ملیۆنان خەڵکمان لە ژێر کۆنترۆڵی ئەم رێکخراوە رزگار کردووە و بەھیچ شێوەیەک ئەو خاکەی کە ئێمە کۆنترۆڵمان کردووەتەوە، تاکو ئێستە لەدەستمان نەداوە. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە چەندە بەرەنگاربوونەوەیەکی سەخت بەڕێوە دەبەین. بەڵام لەم ناوچەیەی جیھان کێشە و ناکۆکی قووڵبوونی ھەیە. ناتوانین چاوپۆشی لەمانەش بکەین. ھەر بۆیەش ھەوڵەکانمان لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژییە خستووەتە گەڕ کە لەلایەن سەرۆک ترەمپ دانراوە، بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە سەرھەڵدانی دوژمنێکی نوێ لە ناوچەکەد".
bas news-
Top