حەیدەر عەبادی ئاماژە بە هەڕەشەكانی حەشدی شەعبی دەكات

حەیدەر عەبادی ئاماژە بە هەڕەشەكانی حەشدی شەعبی دەكات



ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا لە ئاماژەیەكی ناراستەوخۆدا بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی، رایگەیاند كە ئاسایشی عێراق هەڕەشەی لەسەرە. گوتیشی بەڵام هێزە ئەمنییەكان توانای رووبەڕووبوونەوەیان هەیە.


سەرۆك وەزیرانی عێراق هۆشداری دا لەوەی گرووپە چەكدارە ناوخۆییەكان بێ‌ ئەوەی ناویان بهێنێت بە ناوی مەزهەب هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەكەن، دووپاتی كردەوە كە هێزە ئەمنییەكان توانای رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەوانەیان هەیە كە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوخۆی وڵات دەكەن.


حەیدەر عەبادی گوتی "هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە درێژایی ساڵانی رابردوو، لە دژی تیرۆر شەڕیان كردووە و شارەزاییەكی باشیان لەو بوارە پەیدا كردووە، بۆیە ئێستە توانای رووبەڕووبوونەوەی هەر گرووپێكی چەكدارییان هەیە كە هەوڵ بدەن هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هاووڵاتییان و وڵات دروست بكەن".


بە پرسیاركردنەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی "بۆچی پێشێلكردنی یاسا؟ ئەو لایەنە كێیە كە رێگەی مۆڵەتی چەك هەڵگرتنی داوە؟ جەخت دەكەینەوە كە پێویستە چەك تەنها لەدەست هێزە ئەمنییەكاندا بێت و هەر كەسێك هەوڵ بدات مەزهەبگەرایی وەك هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییان و وڵات بەكار بهێنێت ئەوە لە دەرەوەی یاسا هەژمار دەكرێت و لێپرسینەوەشیان لەگەڵدا دەكەین".


حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوەش دا كە هەندێك دەیانەوێت بە بیانووی پێشێلكردنی یاسا سووكایەتی بە هێزە ئەمنییەكان بكەن، بەڵام حكوومەتی لێكۆڵینەوەی لەو پێشێلكارییانە كرد كە روویان داوە".


ئەم قسەیەی عەبادی دوای ئەو ئەوە دێت كە هەفتەی رابردوو بە هۆی شەڕە قسەوە، گرووپێكی چەكداری شیعە لە شەقامی فەڵەستین ناوەڕاستی بەغدا ئەفسەر و مفەوەزێكی پۆلیسیان كوشت و دووی دیكەشیان بریندار كرد.

BAS NEWS-
Top