عێراق و سعوودیە لەیەكتری نزیك دەبنەوە

عێراق و سعوودیە لەیەكتری نزیك دەبنەوە
خالید ئەلفالیح وەزیری نەوتی سعوودیە لە میانی سەردانەكەیدا بۆ شاری بەغدای پایتەختی عێراق، رایگەیاند کە وڵاتەکەی دەیەوێ ھاوکار بێ لە دووبارە گەشەپێدانی عێراق، لەمبارەیەوە لە زۆربەی بوارەکان دەرفەتی ھەماھەنگانی گرنگ ھەن.


فالیح لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شاری بەغدا لەگەڵ ھاوتا عێراقییەکەی جەبار لوعەیبی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشی ساز کرد.


فالیح جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بنەمای سەقامگیری جیھانی عەرەبییە.


گوتیشی "ئارەزووی ئەوە دەکەین کە ھاوکار بین لە دووبارە گەشەسەندنی عێراق و ببینە پردێک لە نێوان ئەو وڵاتە و دۆستەکانمان. لە زۆربەی بوارەکاندا دەرفەتی زۆر گرنگ لەبەردەستمان دایە".


فالیح هەروەها گوتی "ناوچەکە رووبەڕووی کێشەی سیاسی و ئەمنی بووەتەوە. دەمانەوێ بەسەر ئەم کێشانەدا سەربکەوین. دیتمان کە ئەگەر عێراق نەخۆش بکەوێت ئەوا گشت جیھانی عەرەبیش نەخۆش دەکەوێ".


لەلایەکی دیکەش جەبار لوعەیبی وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی بەبیر ھێنایەوە کە ئەوان پرسی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتیان بۆ نۆ مانگی دیکە قبووڵ کردووە.


گوتیشی "ئێمە بە پێی رێکخراوی ئۆپێک، پرسی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتمان بۆ نۆ مانگی دیکە قبووڵ کردووە و لەمبارەیەوەش ھاوپەیمانین لەگەڵ سعوودیە".


ھاوکات فالیح لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.


بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی عەبادی بڵاوکراوەتەوە، فالیح لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەبادی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی کاری وەبەرھەمھێنان لە عێراق دووپات کردووەتەوە.
bas news-
Top