موقتەدا سەدر داوا لە ئێران دەكات واز لە ململانێی تایفی بێنێت

موقتەدا سەدر داوا لە ئێران دەكات واز لە ململانێی تایفی بێنێت

موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر داوای لە ئێران كرد واز لە دەمەقاڵێی سیاسی و تایفی بهێنێت، بەڵكو سیاسەتی كرانەوە بەرامبەر وڵاتانی ناوچەكە بگرێتەبەر.


ئەم داوایەی سەركردەی رەوتی سەدر لە نامەیەكی دەستنووسدا هاتووە كە وەڵامی یەكێك لە لایەنگرانی داوەتەوە لە بارەی سەركەوتنی حەسەن روحانی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێراندا.


موقتەدا سەدر لە نامەکەیدا نووسیویەتی "وێڕای پیرۆزبایی لە گەلی ئێران، بەبۆنەی سەركەوتنی حەسەن روحانی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێراندا، پیرۆزبایی لە سەركەوتنی ئیرادە و بەرزكردنەوەی دەنگەكانی دەكەین سەرباری ململانێیە سیاسییەكان".


سەركردەی رەوتی سەدر ئەوەشی گوت "قسەكانم ئاراستەی حكوومەتی ئێران دەكەم كە پێویستە لەسەر سیاسەتی كرانەوە بە رووی ژمارەیەك لە وڵاتانی ناوچەكە و وڵاتانی دیکە بگرێتە بەر و هەروەها واز لە دەمەقاڵێی سیاسی و تایفییەكانی بهێنێت لە ناوچەكە".


موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەش داوە كە كۆماری ئیسلامی ئێران كاریگەری بەهێزی لە ناوچەكە هەیە، بۆیە پێویستە لەسەری گەلەكەی بەرەو كەناری ئارام ببات و دووریان بخاتەوە لە هەموو ئەو سیاسەتانەی كە كاریگەری خراپیان لەسەر ناوچەكە دەبێت چونكە رەوشەكە لەوە زیاتر بەرگە ناكرێت.


لە كۆتاییدا سەركردەی رەوتی سەدر جەختی كردووەتەوە لەسەر گرنگی پشت بەستن بە گفتوگۆ و تێگەیشتن، كە بە خێر بۆ سەر ئیسلام و موسڵمانان بشكێتەوە.
bas news-
Top