پەرلەمانتارێك: كۆمكاری عەرەبی سووكایەتی بە عێراق كرد

پەرلەمانتارێك: كۆمكاری عەرەبی سووكایەتی بە عێراق كرد



ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیدارەی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لە شاری قاهیرە، لە میانی سەردانی شاندێكی فەرمی پەرلەمانی عێراقدا، سووكایەتیان بە پەرلەمانتارەكان كردووە و لەو كاتەی ویستوویانە بچنە نێو بارەگای كۆمكارەوە، لە ئۆتۆمبێلەكانیان دابەزاندوون و داوایان لێ كردوون بە پێ بچنە ژوورەوە.


لەمبارەیەوە پەرلەمانتار عەبدولهادی سەعداوی ڕەخنە لەم هەڵوێستەی ئیدارەی كۆمكارەكە گرت و رایگەیاند لەگەڵ حەبیب سەدر باڵوێزی عێراق لە میسر بە ئۆتۆمبێلی ژمارە دیبلۆماسی سەردانەكەیان ئەنجام داوە، كەچی لەلایەن ئیدارەی كۆمكارەوە ڕاگیراون و ڕێگەیان نەدراوە بە ئۆتۆمبێل بچنە ژوورەوە.


سەعداوی گوتی ئەمە سووكایەتی بوو بە شاندەكە كرا، چونكە لەگەڵ سەرەتاكانی هەڵسوكەوتی دیبلۆماسی و پرۆتۆكۆل یەك ناگرێتەوە.


ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتیشی لەگەڵ شاندەكە لە دیدارەكە پاشگەز بوونەتەوە و ناوچەكەیان جێهێشتووە، چونكە وا دەزانن ئەوان سووكایەتیان بە سەروەری عێراق كردووە.


سەعداوی لە كۆتاییدا گوتی عێراق بە یەكێ لە دامەزرێنەرانی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی دادەندرێ، بۆیە دەبێ ڕوونكردنەوەی فەرمی لەبارەی ئەم هەڵسوكەوتە بێ ڕێزانەیە بدرێت.

bas news-
Top