سەلیم جبووری تورکمانەکان تووڕە دەکات

 سەلیم جبووری تورکمانەکان تووڕە دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی کۆنفرانسێکەوە تورکمانەکان تووڕە دەکات و هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتنیش دەکرێت.

ئه‌مڕۆ سێشەممە چه‌ند حزب و لایه‌نێكى توركمانى له ‌به‌غدا به‌ ئاماده‌بوونى چه‌ند به‌رپرسێكى سیاسی و فه‌رمیی عێراقی، به‌ناوى كۆنگره‌ى توركمانى له‌ژێر ناونیشانى ئاینده‌ى توركمان له‌ عێراقێكى یه‌كگرتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجام داوه‌.

لە کۆنگرەکە بەناوی تورکمانەوە باس لە یەکگرتوویی عێراق دەکرێت و دژی پارچەبوونی عێراق دەوەستنەوە.

مونا قەهوەچی، سەرۆکی لسیتی پێشکەوتووی چاکسازیی تورکمان گوتی: "هه‌ر حزب و لایه‌نێكى توركمانى، یان خود كۆمه‌ڵه‌ حزب و كه‌سایه‌تییەك ئازاده‌ له‌وه‌ى گردبوونه‌وه ‌و كۆنفراس ئه‌نجام بدات، به‌ڵام به‌بێ به‌شدارینه‌كردنى هه‌موو نوێنه‌ران و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ توركمانییه‌ راسته‌قینه‌كان و فه‌رزكردنى ئه‌جێندا و پیلانگێڕى له‌سه‌ر حیسابی پرس و مه‌سه‌له‌ى توركمانى قابیلى قبووڵ نییه‌ و به ته‌نیا لایه‌نێكى توركمانى بۆی نییه‌ به‌ناوى نه‌ته‌وه‌ى توركمانەوە قسه‌ بكات و بڕیار بدات".

ئەو بەرپرسە تورکمانییە گوتیشی: "به‌تایبه‌تى كه‌ حزب و لایه‌نه‌ سیاسی و نوێنه‌رانى توركمان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ به‌شدارییان نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى كه‌له‌ به‌غدا ئه‌نجام دراوه‌، به ‌هیچ شێوه‌یەك گوزارشت له‌ ڕا و بۆچوونى توركمانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ناكات".

دەشڵێت: "به‌و جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وت و كۆبوونه‌وانه‌ بە ‌ڕاشكاوى بۆمان به‌ دیار ده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ندێك لایه‌نى توركمانى هه‌وڵ ده‌ده‌ن یه‌كڕیزیى توركمان تێك بده‌ن و مه‌سه‌له‌ى توركمان وه‌وكو ئامرازێك بۆ جێبه‌جێكردنى مه‌رام و ئه‌جێنداى لایه‌نه‌كانى دیكه‌ به‌كار بهێنن كه‌ له‌ ئه‌نجامدا له ‌به‌رژه‌وه‌ندیى توركمانه‌كانى كه‌ركووك و عیراقیشدا نییه‌".









باسنیوز
Top