فوئاد مەعسوم داوای ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بۆ مووسڵ دەكات
فوئاد مەعسوم سەركۆماری عێراق داوای بەدیھێنانی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بۆ ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانی دەست ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكات.
سەركۆماری عێراق دووپاتی كردەوە بەدیهێنانی پڕۆژەی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان لەو ناوچانە.
ئەم داوایەی سەركۆماری عێراق لە میانی گوتارێکیدا هات کە ئەمڕۆ لە دیداری نیشتمانی بۆ ئاشتەوایی لە پارێزگای نەجەف پێشكەشی كرد.
فوئاد مەعسوم گوتی "لێرەدا گرنگی بەدیهێنانی ئاشتبوونەوەی كۆمەڵایەتی دەردەكەوێ وەك پێویستیەكی بابەتی هەنوكەیی كە پێویست دەكات زیاتر چاومان لەسەری بێت، بەو پێیەی پێگەیەكی گرنگی هەیە لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی یەكێتی نیشتمانی بەتایبەتیش بۆ ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان".
سەركۆماری عێراق گوتیشی "ئێستە عێراقییەكان لە هەركات زیاتر پێویستیان بە یەكترە، ئەوەش تەواوی رۆڵەكانی گەلەكەمان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتی لێك تێگەیشتن و دەست لە ناو دەستكردن بۆ رێگرتن لە هەر گەڕانەوەیەكی رێكخراوە تیرۆریستی و تەكفیرییەكان رژێمی دیكتاتۆری بۆ وڵاتەكەمان".
لە كۆتایی قسەكانیدا، فوئاد مەعسوم گوتی "ئاشتی كۆمەڵایەتی بۆ ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان بە دەستپێشخەری كەسایەتی و سەرۆكهۆزەكان و دەستە كۆمەڵایەتییەكان و سەندیكا پیشەییەكان و هاووڵاتیان لە هەموو پێكهاتەكانی ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان، بەدی دێت".
bas news-
