لە ئەنبار هۆشداری لە پەیدابوونی داعشێكی نوێ دەدرێ

لە ئەنبار هۆشداری لە پەیدابوونی داعشێكی نوێ دەدرێ



بانگەشەی هاووڵاتییانی سونەی رۆژئاوای عێراق بۆ خۆپێشاندانێكی گەورە، بە توندی لەلایەن حكوومەتی عێراق و هێزە شیعیەكان ڕەت كرایەوە و بەرپرسێكی نزیك لە مالیكییش دەڵێ ئەمانە بە نیازی ئامادەكاریین بۆ دروستكردنی داعشێكی نوێ.


لە بارەی ئەو هەڵمەتەی لە پارێزگای ئەنباری سونەنشینی رۆژئاوای عێراق دەستی پێكرد بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندانێكی گشتی لە دژی حكوومەتی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە محەمەد سەیهود سەركردە لە لیستی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی رایگەیاند چەند بەرپرسێكی سونە شكستیان هێنا لە دروستكردنی داعش، ئێستە بە دوای دەرچەیەكی نوێدا دەگەڕێن.


سەیهود گوتی "ئەو چەند سەركردانەی ڕێخۆشكەری دروستبوونی داعش بوون، ئێستە دەیانەوێ وەها خۆیان پێشانی سونە بدەن، كە نوێنەرایەتی ئەوان دەكەن، لەم ڕێگەیەوە داوای خۆپێشاندانی نوێ دەكەن، گوایە بۆ وەرگرتنی مافی سونەكانە".



پەرلەمانتارەكەی لیستی دەوڵەتی یاسای شیعە و دەسەڵاتدار لە بەغدا دووپاتی كردووەتەوە ئەو سەركردە سونیانەی بە نیازی خۆپێشاندانن لە ئەنبار و ناوچەكانی تری رۆژئاوای عێراق، بە نیازی دروستكردنی داعشێكی نوێن بە ڕێگەیەكی تر.


ئاماژەشی بە نێوی جەمال ئەلزاڕی كردووە كە سەركردەیەكی سونەیە و لە عەمانی پایتەختی ئوردن نیشتەجێیە، دەڵێ ئەو كەسە بەرنامەی هەیە لە ناوچە سونەكانی عێراق داعشێكی نوێ دروست بكاتەوە.


بە تەنزەوە ئاماژەی بەوەش داوە كە سەركردە سونەكان پەنایان بردووەتە بەر هۆتێلەكانی ئوردن و خەریكی كۆبوونەوە و كۆنگرەن لە دژی حكوومەتی بەغد، خەڵكی سونەشیان لە نێو ئاگری داعش بەجێهێشتووە، جارێكی تر خەڵكی سونە باوەڕ بەوانە ناكات.



لای خۆیەوە ئەمڕۆ حیكمەت دلێمی گوتەبێژی پارێزگاری ئەنبار رایگەیاند دۆخی ئەمنی ئێستەی شارەكە هی ئەوە نیە خۆپێشاندانی تێدا ئەنجام بدرێت، بۆیە لەم كاتەدا ڕێگە بە هیچ خۆپێشاندانێك نادرێت".

bas news-
Top