حكوومەتی بەغدا: هیچ هێزێكی بیانی لە عێراقدا بوونی نیە

حكوومەتی بەغدا: هیچ هێزێكی بیانی لە عێراقدا بوونی نیە
ئەمڕۆ هەینی حكوومەتی بەغدا رایگەیاند ئێستە هیچ هێزێكی بیانی لە عێراقدا بوونی نییە و لەگەڵ هیچ وڵاتێكیشدا رێك نەكەوتوون لەسەر مانەوەی هێزی سەربازی بیانی لە قۆناخی دوای داعش لە عێراق.


نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە كە بەم دواییانە ئاژانسەكانی هەواڵی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەواڵێكیان بڵاوكردەوە كە گوایە حكوومەتی عێراق لەگەڵ ئەمریكا لەسەر مانەوەی هێزەكانیان لە قۆناخی دوای داعش لە عێراق رێك كەوتووە.


نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی بەغدا گوتوویەتی "ئێمە دووپاتی دەكەینەوە هێزی سەربازی بیانی هیچ وڵاتێك لەسەر خاكى عێراق بوونی نییە تا مانەوەیان تاوتوێ‌ بكرێت تا لەسەری رێككەوتن بكرێت".


هەروەها رایگەیاند كە راوێژكارانی سەربازی ژمارەیەك وڵات لە عێراق هەن و ئەركیان تەنها مەشق و راهێنان و پێشكەشكردنی رێنماییە بە هێزەكانی عێراق، بۆیە حكوومەتی عێراق لەسەر مانەوەی ئەو راوێژكارانە لەگەڵ هیچ وڵاتێكدا لە قۆناخی دوای داعش رێك نەكەوتووە.
bas news-
Top