پەرلەمانتارێكی عێراق دەڵێ ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیك مەترسیدارە
حەسەن شەمەری پەرلەمانتاری عێراق سەرباری ئەوەی دوێنێ رایگەیاندبوو سكاڵایەكی یاسایی لە دادگای عێراقدا لە دژی گرێبەستی هێنانی فایبەر ئۆپتیك بۆ عێراق بردووەتەوە بە تۆمەتی ئەوەی گەندەڵی ماڵی تێدا كراوە، بۆیە دادگا بڕیاری داوە گرێبەستەكە هەڵوەشێنێتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممەش بە توندی ڕەخنەی لە هێڵی فایبەر ئۆپتیك گرت و گوتی ئەو هێڵە زانیارییە تایبەتییەكان خەڵك و هەژماری بەنك و زانیاری نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی خەڵك و نامە ئەلیكترۆنیەكان ئاشكرا دەكات.
شەمەری گوتی ئەو پرۆشەی فایبەر ئۆپتیكەی لەلایەن كۆمپانیایەكی هاوبەشی كوردی و ئیماراتی هێنراوە، پێشێلكاری ئەمنی و ماڵی و یاسایی تێدا كراوە، چونكە كۆمپانیاكە دەچێتە نێو زانیارییەكانی خەڵك و نهێنییەكانیان ئاشكرا دەكات.
داواشی كرد پێویستە پرۆژەی لەم جۆرە لەلایەن حكومەتەوە بەڕێوەبچێت نەك كۆمپانیای كەرتی تایبەت، چونكە زۆر پرسی ئەمنی دەوڵەت هەیە، لە سایەی ئەم هێڵەوە دەكەوێتە ژێر مەترسیەوە.
bas news-
