وەزیری بەرگری و موقتەدا سەدر باسی ڕێكخستنەوەی سوپای عێراق دەكەن

وەزیری بەرگری و موقتەدا سەدر باسی ڕێكخستنەوەی سوپای عێراق دەكەن
عیرفان حەیالی وەزیری بەرگریی عێراق دوای كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر لە نەجەفەوە رایگەیاند دوای قۆناخی داعش، سوپای عێراق لە رێگەی مەشق و راهێنان و پڕچەككردن، رێك دەخرێتەوە.


ئەم قسانەی وەزیری بەرگریی عێراق لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا هات كە لە پارێزگای نەجەفی باشووری عێراق لەگەڵ قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ و موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر سازی كرد.


عیرفان حەیالی گوتی موقتەدا سەدر پشتیوانی خۆی بۆ هەموو بەشەكانی سوپای عێراق دەربڕیوە و جەختی كردووەتەوە كە گرنگە هیچ جیاكارییەكی تایفی لە ریزی هێزەكانی ئەمنییدا نەكرێت".


هاوكات قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا رایگەیاند كە لە میانی كۆبوونەوەکەیان لەگەڵ موقتەدا سەدر، باسیان لەوە كردووە كە گرنگە جیاكاری لەناو دانیشتوانی ئەو ناوچانە نەكرێ كە كەوتنە ژێر كۆنتڕۆڵی داعش، بەو پێیەی ئەوان رووبەڕووی زوڵم و ستەمی زۆر بوونەتەوە لەلایەن داعشەوە.


لە بەرامبەردا موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو و رایگەیاند كۆبوونەوەكە زۆر گرنگ بوو، تیایدا ژمارەیەك پرس تاوتوێ‌ كران، لەوانەش بەهێزكردنی سوپا و پۆلیس، جەختیش كرایەوە لەسەر ئەوەی دەبێت وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و ئاسایش و پاراستنی ناوچەكان دوای قۆناخی كۆنتڕۆڵكردنەوە بگرنە ئەستۆ.
bas news-
Top