زێباری: تۆمەتباركردنم بە ڕێكەوتنی خوور درۆیەكی هەڵپەسێردراوە

زێباری: تۆمەتباركردنم بە ڕێكەوتنی خوور درۆیەكی هەڵپەسێردراوە
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق لە دیمانەیەكی كەناڵی سۆمەریە، لەبارەی تۆمەتباركردنی بە ئەنجامدانی ڕێكەوتنامەی خوور لەگەڵ حكومەتی كوێت، رایگەیاند ئەم تۆمەتباركردنە درۆیەكی هەڵپەسێردراوە و ڕێكەوتنەكە بە ئاگەداری پەرلەمان و حكومەتی پێشوو كراوە.


زێباری گوتی ڕێكەوتنەكە لەگەڵ كوێت بە گوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كراوە و پێشتر مالیكی و پەرلەمانی عێراق رەزامەندیان لەسەر دەربڕیوە.


لەمبارەیەوە هەفتەی رابردوو پێشتر سەعد مەتڵەبی پەرلەمانتارێكی لیستی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی گوتبووی بەرپرسیارییەتی ڕێكەوتنامەی خوور عەبدوڵا لە ئەستۆی زێباریدایە.


لای خۆیەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وەڵامدا رایگەیاندبوو كە ئەو بابەتە بۆ ئاڵۆزی نانەوە ورووژێندراوە، دەنا ڕێكەوتنامەی خوور پەیوەندی بە نەخشاندنەوەی سنوورەكانەوە نیە.


هەروەها زێباری لە دیمانەكەدا هەریەك لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی تۆمەتبار كرد بەوەی بە هەوڵی ئەوان لە پۆستەكەی وەك وەزیری دارایی عێراق دوور خراوەتەوە. زێباری لەمبارەوە گوتی دوای پیلانگێڕیەكە، كە سەلیم جبووری سەرۆك پەرلەمان لە سەرووی هەموویانەوە ئەنجامی دا، من بە جبوورییم گوت "تۆ ناوت سەلیمە بەڵام كەسێكی سەلیم نەبووی لە هەڵوێستەكانت".
bas news-
Top