ژمارەی ئاوارەكانی لای راستی مووسڵ گەیشتە ٤٠٠ هەزار

ژمارەی ئاوارەكانی لای راستی مووسڵ گەیشتە ٤٠٠ هەزار

جاسم جاف وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی راستی مووسڵ كە لە ١٩ی مانگی شوباتی رابردوو دەستی پێكرد تاوەكو ئێستە ٤٠٠ هەزار كەس ئاوارە بوون.


جاف لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوە داوە كە ژمارەی ئاوارەكانی بەشی راستی مووسڵ بۆ ٤٠٠ هەزار كەس بەرز بووەتەوە و لە بەرامبەردا، ١٣٠ هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانی خۆیان لە بەشی چەپی شارەكە و ناوچەكانی باشووری پارێزگای نەینەوا.


وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق راشیگەیاندووە كە ئاوارەكانی بەشی راستی مووسڵ لە كەمپەكانی جەدعە، فڕگەی فڕۆكەخانە، حاج عەلی سەر بە ناحیەی گەیارەی باشووری پارێزگای نەینەوا و كەمپەكانی حەسەن شام، خازر و جەمەكۆر رۆژهەڵاتی نەینەوا نیشتەجێ كراون.


هاوكات ئەمڕۆ نەقیب جەبار ئەفسەر لە سوپای عێراق رایگەیاند بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی شەڕەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەزەری باشووری رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، ٢ هەزار و ٥٠٠ مەدەنی گواستراونەتەوە بۆ كەمپە كاتییەكان.
bas news-
Top