پەرلەمانتارێکی شیعە: ڕێککەوتنی سیاسی لە نێوان مالکی و عەبادیدا نییە
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "الاتجاە پرس"، "جەبار عەبدولخالق" ئەندامی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو ڕاپۆرتانە بەدڕۆ خستەوە کە باس لە ڕێککەوتنی سیاسیی "حەیدەر عەببادی" سەرۆک وەزیران و "نووری مالکی" سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا دەکەن لەسەر پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەی سیاسی لە عێراق دوای ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمان لە وڵاتدا.
عەبدولخالق لەو بارەیەوە وتی، ھێشتا زۆر زووە باس لەو پرسە بکرێت و زۆرینەی سیاسیی کابینە بەستراوەتەوە بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقەوە.
ئەوەشی ڕاگەیاند کە دانیشتنی ئەم دواییەی نێوان عەبادی و مالکی بۆ باس لە چۆنیەتیی پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکومەت بووە، بەڵام لەو بارەیەوە ھەردوولا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە میدیاکانی عێراق باسیان لە ڕێککەوتنی نێوان مالکی و عەبادی کردبوو لەسەر چۆنیەتیی پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەی سیاسی لە عێراق.
payamner -
