پەرلەمانتارێکی شیعە: ڕێککەوتنی سیاسی لە نێوان مالیکی و عەبادیدا نییە
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (الاتجاه پرس)، (جەبار عەبدولخالق) ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو ڕاپۆرتانە بەدڕۆ خستەوە کە باس لە ڕێککەوتنی سیاسیی (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیران و (نووری مالیکی) سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا دەکەن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی سیاسی لە عێراق دوای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لە وڵاتدا.
(عەبدولخالق) لەو بارەیەوە وتی کە هێشتا زۆر زووە باس لەو پرسە بکرێت و زۆرینەی سیاسیی کابینە بەستراوەتەوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقەوە. ئەوەشی ڕاگەیاند کە دانیشتنی ئەم دواییەی نێوان (عەبادی و مالیکی) بۆ باس لە چۆنیەتیی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەت بووە، بەڵام لەو بارەیەوە هەردوولا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە میدیاکانی عێراق باسیان لە ڕێککەوتنی نێوان (مالیکی) و (عەبادی) کردبوو لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی سیاسی لە عێراق.
kdp-
