سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی دژی داعش راگەیاند

 سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی دژی داعش راگەیاند
سوپای عێراق دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازیی لە رۆژئاوای عێراق لە دژی دەوڵەتی تیرۆریستیی داعش راگەیاند.

رۆژی پێنجشەممە 20.4.2017، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنبار کردووە.

ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی سوپا و هێزە ئەمنییەکان بە هاوکاریی عەشیرەتەکانی ناوچەکە سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە بۆ رزگارکردنەوەی ناوچەکانی باکووری دەریاچەی حەدیسە و رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، دەستی پێکرد.

لیوا روکن قاسم محەمەدی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی جەزیرە رایگەیاندووە، کە ئۆپەراسیۆنەکە بە پاڵپشتیی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و سوپای ولاتەکەی ئەنجام دەدرێت.

پێشتر لە رۆژی 17.10.2016، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە عێراقییەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ کرد.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایان رزگار کردەوە و رۆژی سێشەممە 24/1/2017یش هێزە عێراقییەکان رزگارکردنەوەی تەواوەتیی بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ‌یان راگەیاند.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.






باسنيوز
Top